زاری كرمانجی – سۆران :
نوێنەری كۆمكاری عەرەبی بۆ چاودێریكردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، ستایشی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی هەرێم دەكات و بە شێوەیەكی گشتی جەخت لەوە دەكاتەوە پرۆسەكە ڕێكوپێك بووە.
كۆمكاری عەرەبی لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت”لە چوارچێوەی پەرۆشی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی بۆ پشتیوانیكردن لە پرۆسەی دیموكراسی و پتەوكردنی حوكمڕانی باش و وەڵامی بانگهێشتەكەی ئەحمەد ئەبولغەیس ئەمینداری گشتی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی كۆماری عێراق بۆ چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی عێراق، سكرتێری گشتی لیژنەیەكی پسپۆڕی پێكهێنا بۆ چاودێریكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2024 بە سەرۆكایەتیی وەزیری ڕێگەپێدراو مالیك مووسڵی – بەڕێوەبەری فەرمانگەی كەنداوی عەرەبی و یەمەن لەگەڵ ژمارەیەك شارەزا لە ستافی سكرتاریەتی گشتی كۆمكاری عەرەبی.”
دەشڵێت “پرۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەیەكی گشتی ڕێكخستنێكی باشی بۆ كرابوو، چونكە ڕێوشوێنەكانی كردنەوەی بنكەكانی دەنگدان بە دروستی و لە كاتی خۆیدا جێبەجێ كراون و كەرەستەی هەڵبژاردن لەو بنكانەی سەردانیان كردوون بەردەست بوون.”
كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی لە ڕاگەیاندراوەكەیدا ئەوەشی خستووەتە ڕوو كە ئامادەبوونی بریكاری كاندیدەكان و چاودێرانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بە ڕێژەیەكی بەرز بۆ چاودێریكردنی پرۆسەی دەنگدان و بوونی هێزە ئەمنییەكان لە دەرەوەی شوێنی دەنگدان، فاكتەرێكی ئەرێنی بووە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن لە كەشێكی ئارامدا بەبێ ئەوەی كاریگەری لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن هەبێت.