ڕۆژنامەیەکى ئیسرائیلى: سوپای ئیسرائیل هەموو ئامادەکارییەکانی بۆ وەڵامدانەوەو هێرشکردنە سەر ئێران تەواوکردووە و هێرشەکەش گەورە و فراوان دەبێت
زارى کرمانجى:
بە هۆی مەترسی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هێڵی فەرمی فڕۆکەوانی و کۆمپانیای فڕۆکەوانی پێگاسۆسی تورکیا سەرجەم گەشتەکانیان بۆ ئێران و بە پێچەوانەشەوە لە ئێرانەوە بۆ تورکیا هەڵوەشاندەوە.
هەردوو کۆمپانیاکە لە پلاتفۆرمی فەرمی خۆیان بڵاویان کردووەتەوە، تاوەکوو بەر لە یەکەی تشرینی دووەمی 2024، هیچ پلیتێکی گەشتکردن بەرەو ئێران نافرۆشن، چونکە سەرجەم گەشتەکانیان تاوەکوو کۆتایی ئەم مانگە هەڵوەشاندووەتەوە.
پێشووتریش هەردوو کۆمپانیای فڕۆکەوانی تورکیا بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە تەواو گەشتەکانیان بۆ ئێران، لوبنان و ژمارەیەک وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگرت بوو.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنوتی ئیسرائیل لە چاپی یەکشەممە 20ی ئەم مانگە بڵاویکردبووەوە، سوپای ئیسرائیل هەموو ئامادەکارییەکانی بۆ وەڵامدانەوە و هێرشکردنە سەر ئێرانی تەواوکردووە و هێرشەکەش گەورە و فراوان دەبێت.
لە بەرانبەردا و هەر هەمان ڕۆژ، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، هێرشکردنە سەر ئێران واتە بەزاندنی هێڵی سوور، ئەمەش بەبێ وەڵامدانەوە نابێت، هەروا ئاماژەیداوە، هێرشکردنە سەر ئێران دەبێتە هەڵگیرسانی شەڕێکی فراوان و ئەمەریکاش دەگرێتەوە.
پێشووتر بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لەسەر چۆنێتی وەڵامدانەوەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران گفتوگۆی کردووە و باسی پلانی سەربازی وڵاتەکەی کردووە.