مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای ئەوەی ماڵپەڕی (هەركوڵ) نزیك لە گولەنییەكان، هەواڵی مردنی فەتحوڵڵا گولەن، ڕێبەری بزووتنەوەی خزمەتی بڵاو كردەوە، بەشێك لە توركەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پرسەنامەیان بۆ مردنی گولەن نووسی و هیوایان خواست خودا بە بەهەشتی شاد بكات، دوای ئەوەی چەند كەسێكیان لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی توركیاوە خرانە ژێر چاودێری و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كرا، توركەكان لە ترسی دادگایی كردنیان پۆستەكانیان سڕییەوە .
ئایسن كۆمیتگان خانمە ڕۆژنامەوانی پارێزگای بورسا، دوێنێ دووشەممە 21ی تشرینی یەكەم، بە تۆمەتی بانگەشەكردن بۆ تیرۆر برایە بەردەم دادگا، دوای ئەوەی هەواڵی مردنی فەتحوڵڵا گولەنی لە تەلەڤزیۆنی خۆجێی پارێزگاكە بڵاو كردەوە و گووتی”ڕۆحی گولەن بە بەهەشت شاد بێت.”
بەپێی سەرچاوە هەواڵییەكانی توركیا، چەندین كەسی تر لەسەر هەمان پرس لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كراوە و بەشێكیشیان ڕەوانەی زیندان كراون بە مەبەستی دادگای كردنیان و بانگەشە كردن بۆ تیرۆر.
حكومەتی ئەنقەرە (فەتحوڵڵا گولەن) و بزووتنەوەكەی خستووەتە لیستی تیرۆر و بە ئەنجامدانی كوودەتاكەی 2016 ی توركیا تۆمەتباریان دەكات، سەرەڕای ئەوەی گولەنییەكان ڕەتیان كردەوە كە دوور و نزیك دەستیان لە هەوڵێكی لەو شێوەیەدا هەبێت.
دوێنێ دووشەممە 21ی تشرینی یەكەم، فەتحوڵڵا گولەن ڕێبەری ڕەوتی خزمەت و كەسایەتی دیاری ئایینی توركیا، لە تەمەنی 83 ساڵیی لە ویلایەتی پێنسیلڤانیای ئەمریكا كۆچی دوای كرد.