مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
كچە قوتابییەكی كورد، لە ترسی دەستگیركردنی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران لە باڵەخانەیەكی بەرز خۆی فڕێدایە خوارەوە و گیانی لەدەستدا .
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردەوە “دونیا فەرهاد ی تەمەن 17 ساڵ، خەڵكی نەوسوودی شاری پاوە ی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و قوتابی لە قوتابخانەی (ام المۆمنین عایشە)، دوای ئەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانەكەی دەبێتە دەمەقاڵێیان لە قوتابخانە ڕا دەكات و بەڕێوەبەری قوتابخانەكەش پەیوەندی بە هێزەكانی سوپای پاسدارانەوە كردووە تا هاوكاری بن لە گەڕاندنەوەی دونیا بۆ قوتابخانەكەی،”
بە گوتەی شایەتحاڵێك كە قسەی بۆ هەنگاو كردووە “دونیا دوای هەڵاتنی لە قوتابخانە، پەنای بۆ باڵەخانەیەكی چۆڵی بانكی كشتوكاڵی ناوچەكە بردووە و دوای بینینی هێزەكانی سوپای پاسداران، خۆی فڕێ داوەتەوە خوارەوە و ڕاستەوخۆ گیانی لەدەستداوە.”
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە دایك و باوكی دونیا لە یەكتر جیا بوونەتەوە و دونیا بە شێوەیەكی هەفتانە لە لای دایك و باوكی ژیانی دەكرد و ناچار بووە لە شاری نەوسوود بۆ قوتابخانەیەك لە پاوە بچێت. ئەمە دونیای نیگەران كردووە ئامادە نەبووە بەو شێوەیە بچێتە قوتابخانە و درێژە بە خوێندن بدات.































































