مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
فەتحوڵڵا گولەن كەسایەتی ئایینی و سیاسی توركیا، لە تەمەنی 83 ساڵی لە ئەمەریكا كۆچی دوای كرد.
گولەن ڕێبەری ڕەوتی خزمەت و كەسایەتی دیاری ئایینی توركیا، لە ساڵی 1999 ەوە لە ویلایەتی پێنسیلڤانیای ئەمریكا نیشتەجێیە و لەلایەن حكومەتی ئەنقەرە تۆمەتبار كرابوو كە لە پشت كوودەتاكەی ساڵی 2016ی توركیاوە بێت، ئەگەرچی فەتحوڵڵا گولەن لە چەندین دیمانەدا تۆمەتەكانی حكومەتی ئەنقەرەی ڕەت كردەوە و ڕاگەیاند كە دوور و نزیك پەیوەندی بە كوودەتاكەوە نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا، چەندین جار لە كۆبوونەوەی پارتەكەی و كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكانیدا ئەوی بە تیرۆریست ناو دەبرد .
ئەمڕۆ دووشەممە 21ـى تشرینی یەكەم، ماڵپەڕی هێركولی نزیك لە بزووتنەوەكەی گولەن، بڵاوی كردەوە كە فەتحوڵڵا گولەن بە هۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی 83 ساڵیدا كۆچی دوای كرد.
هاوكات برازاكەی (ئیبوسلێمە گولەن) لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس هەواڵی مردنی فەتحوڵڵا گولەنی پشتڕاست كردەوە .
فەتحوڵڵا گولەن، لە ساڵی 1941 لە توركیا لەدایكبووە و لە ساڵی 1999 توركیای بەرەو ئەمەریكا جێ هێشت و لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا ژیانی دەكرد.