مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان ئاشكراكردنی بەندیخانەیەكی وەزارەتی ئیتلاعاتی لە شاری ورمێ ڕۆژهەڵاتی كوردستان ڕاگەیاند و دەڵێ “لەو بەندیخانەیەدا چەندین بەندكراوی كورد بە هۆی ئەشكەنجەوە دەست و پێیان شكاوە و هەڕەشەی دەستدرێژی سێكسی لە خۆیان و ئەندامانی بنەماڵەكانیان كراوە.
تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان دەڵێ “ئەو بەندیخانە نوێیە تایبەت كراوە بۆ ڕاگرتنی دەستبەسەركراوانی شۆڕشی ژینا ئەمینی و وەرگرتنی ددانپێدانانی زۆرەملێ و ئەشكەنجە،”
دەشڵێت “چەندین بەندكراوی كورد لە پێناو ددانپێدانانی زۆرەملێ، هەڕەشەی دەستدرێژی سێكسی لە خۆیان و ئەندامانی بنەماڵەكانیان كراوە و ناچار كراون لە بەردەم كامێرای تەلەڤزیۆندا ددان بە تاوانباربوونی خۆیاندا بنێن.”
ئاشكراشی دەكات كە ئەو بەندیخانەیە دەكەوێتە سەر جادەی نازلوو لە بەرامبەر پاركی قەرە حەسەن لووی ورمێ و لە 110 ژووری تاكەكەسی و 6 ژووری گشتیی پێكهاتووە .
تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان ئەوەش دەخاتە ڕوو كە چەند بەندكراوێك لەوێ ڕاگیراون و دواتر لە سێدارە دراون.