نووسینی: ژوان باقی
هەڵبژاردن پڕۆسەیەکی دیموکراسییە لە زۆر لە بوارە جیاوازەکان ئەم پڕۆسەیە ئەنجام دەدرێت، بە مەبەستی گۆڕانکاری ڕیشەیی و خزمەتی زیاتر و بەرژەوەندی هەمووان، وەك دەزانین چەند ڕۆژی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان پڕۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن بە سەرکەوتووی بەڕێوەچوو، پێویستە گرنگی ئەم پڕۆسەیە بزانین بەتایبەت ژنان وەك چینێکی زیندو و کاریگەری ناو کۆمەڵگا ئاگاداری ئەم ڕاستیە بن.
هەڵبژاردن لە پڕۆسەی سیاسیدا مافێکی یاسایی و مەدەنی هەر هاوڵاتییەکی هەرێمە لە ڕێگایەوە دەرفەتی پێدەدرێت بە ئیرادە و ویستی خۆی کەسێکی تر وەك نوێنەر بنێرێتە پەرلەمان بە ئامانجی داکۆکیکردن لە مافەکانی و دەرکردنی پڕۆژە یاسای نوێ و چاودێریکردنی دام و دەزگاکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی بێ خەوش خۆی لە خۆیدا بنەمایەکی گرنگە و هەنگاوێکە بەرەو زیاتر سەرکەوتنی ئەزموونی دیموکراسی لە هەرێم، ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە نێوان پارتە سیاسییەکان و هەڵبژاردنی حزب و سەرکردایەتی خاوەن بڕیار و جێ بەجێکاری بەڵێنەکان زامنی ئاڵۆگۆڕی دەسەڵات دەکات و دەرگا دەکاتەوە بەڕووی ئەزموونێکی جیاوازتری حوکمڕانی و ئاسۆیەکی گەشتر کە هاوڵاتیان دەتوانن جیاوازتر ئێستا و ئایندەی خۆیانی تێدا ببنین.
لەم پڕۆسەدا بەشداریکردنی ژنان و هەڵبژاردنی ژنانی بەربژێر و متمانە بەخشینیان بە ژنان بۆ نوێنەرایەتی کردنیان گرنگی خۆی هەیە لە کۆی پڕۆسەکەدا، وەك دەزانین ژنان باشتر دەتوانن دەنگ و ڕەنگ و ئازارەکانی ژنان بگوازنەوە کە خۆیان پەروەدەکراوی هەمان ئەو کۆمەڵگەن و لەگەڵ بارودۆخە سەختەکاندا ژیاون و جەنگاون ئەمە هۆکارێکی گرنگە کە دەتوانن کار بۆ باشترکردنی دۆخی ژنان بکەن و بەرگری لە مافە کانیان بکەن بە دانانی یاسای نوێی پەیوەست بەسەرجەم بوارەکانی تایبەتمەند بە ژنان.
بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن هەڵویستێکی نەرێنیە، نابێتە پاڵنەر بۆ هیچ گۆڕانکارییەك و دۆخی سیاسی لە باری وەستان چەق بەستوو و مەنگیدا دەهێڵێتەوە، هیوایەك بۆ باشتکردنی گوزەرانی هاوڵاتیان ناهێڵێتەوە، چاوەڕوانییەکان بۆ ژیانێکی ئابڕومەندانەتر دەکوژێت، هەروەها جێ بەجێکردنی بەڵێنەکان و خزمەتکردن بە هاوڵاتیان وەك پێویست و لە جێی خۆیدا نابێت، یەکڕیزی و یەك دەنگی پردی سەرەکی پڕۆسەکەیە لە نێوان دەنگدەران و هەڵبژێردراوان.
ژنانی بەربژێر پەیام و ئامانجی کارکردنیان لە ماوەی پڕۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن خستە ڕوو، ئەوەی ماوە کاری لەسەر بکرێت ژنانی بەربژێرکراو لە دوای سەرکەوتنیان و دەرچونیان بۆ پەرلەمان دەنگی ڕاستەقینەی ژنان بن لەسەرجەم سێکتەرە جیاوازەکان .