نووسینی: هیڤی عمر یاسین
خول چییە؟
گرینگی خول
ئایا هەموو كەسێك دەتوانێت بەشداری هەموو خولێك بكات؟
دەربارەی ڕاپرسی
ئەنجامی ڕاپرسی تایبەت بە بەشداربووانی خولەكان.
ئەنجام
پێشەكی
سرووشتی مرۆڤ وایە بوونەورێكە بیر دەكاتەوە و پرسیار دەكات، لە سەرەنجامی پرسیارەكان لێكۆڵینەوە درووست دەبن، واتە لێكوڵینەوەكان وەڵامی پرسیارەكان دەدەنەوە، كە بە پرساری لێكوڵینەوە(توێژینەوە) ناسراوە، كاتێك خولێك یان چاڵاكیەكی گرینگ لە شوێنێك هەبێت و لە شوێنێكی تر نەبێت، پرسیاری ئەوە دروست دەبێت، بۆچی نییە؟ ئەم وتارە بەهۆی كۆمەڵە پرسیارێكەوە دروست بووە، كە ئەنجامی ڕاپرسیەك دەربارەی خولەكان دەخاتەڕوو .
پێش ئەوەی سۆران ببێتە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەو خولانەی كە هەبوون زیاتر خولی پەرەپێدانی قوتابیانی پۆلی دوازدە و فێربوونی زمان بوون، بەرێژەیەكی بەرچاو كەم خولی كۆمپیۆتەریش هەبوون، خولەكانی وەكو پەرپێدانی مرۆیی و كار و بازارسازی ، زمانی جەستە، رووخسارناسی، وتاربێژی گشتی هەر نەبوون، بۆیە بەشداربووان پەنایان دەبردە بەر خولە ئۆنڵاینەكان كە لەسەر پلاتفۆڕمی زووم میتینگ و گۆگل میت یانیش گرۆپە داخراوەكانی تێلگرام بەشێوەی تۆماركراو بەڕێوەدەچوون.
خول چییە؟
خول وەك هەموو ئەو چەمكانەی كە دەچنە خانەی زانستە مرۆییەكانەوە، پێناسەیەكی دیاریكراو و كۆنكریتی بۆی نییە، بۆیە دەتوانین خول بەم شێوەیە بەسوود بینین لە سەرەتای پیتەكانی لێكدانەوەی بۆ بكەین و بخەینە چوارچێوەیەكی دیاریكراو.
خ—- خۆ پێگەیاندنی بەردەوام .
و– وەرگرتنی زانیاری نوێ.
ل- لێهاتووی.
كەواتە خول بریتییە لە پرۆسەیەكی كاتی دیاریكراو، تیایدا لەرێی زانیاری نوێ ڕاهێنان بە بەشداربووان دەكرێت بۆ پەرپێدانی لێهاتوویەكانیان.
گرینگی خول
گرینگی خول لەم چەند خاڵانەی خوارەوە پۆخت دەكەینەوە…
زیادكردنی زانیاری لە پێناو بەكارهێنانی لە ژیانی رۆژانەدا، چونكە زانیاری سوودی نییە بەبێ بەكارهێنان.
پەرەدان بە توانای كار، بەتایبەتی ئەو خوڵانەی كە پەیوەندی بەكار و پسپۆری بەشداربوو هەیە. لە بەهرە و لێهاتوویەكانی لە تەكنەلۆجیا، فێربوونی زمانی دڵخواز.
بەهێزكردنی سیڤی بۆ دەستكەوتنی هەلی كار.
بەرهەمداربوونی كاتەكان، لە جیاتی بەفیرۆدانی كاتەكانیان و مانەوەیان بەبێ ئاگایی لەناو سۆشیال میدیادا.
بەرزكردنەوەی ئاستی مەعریفی بەشداربوو.
ئایا هەموو كەسێك دەتوانێت بەشداری هەموو خوڵێك بكات؟
بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە پێویستە جیاكاری بكەین لە نێوان جۆری خولەكان، كە خۆیان لەم دوو جۆرە دەبینەوە.
یەكەم : خولی گشتی : كە ئەم جۆرەیان پێوستە هەموو كەسێك بەشداربێت، وەكو خولەكانی (فیریاگۆزاری سەرەتایی، فێربوونی زمان، كۆمپیوتەر، زمانی جەستە، روخسارناسی، جواننووسی ، پەرپێدانە مرۆییەكان…هتد).
دووەم :خولی تایبەتی : ئەم خولانە دەگرێتەوە كە تایبەتە بە بوارێكی دیاریكراو ، یان دام دەزگایەكی حكومی یان كەرتی تایبەت بۆ فەرمانبەرانی بكاتەوە، كەتەنها فەرمانبەرانی ئەو دام و دەزگایە دەتوانن بەشداربن، خولی تری وەكو مامۆستایەتی، پۆلی دوازدە، پێداگۆجی، فێربووانی زمانی فەڕەنسی،زمانی عەرەبی ، زمانی كۆری كە تایبەتە بە ئارەزوومەندانی ئەو زمانە.
دەربارەی ڕاپرسیەكە
ڕاپرسیەكە لە ڕێكەوتی ٣١/٨/٢٠٢٤ ئەنجامدراوە
بەشێوەی ئۆنڵاین لەسەر پلاتفۆڕمی گۆگل فۆڕم.
لینكەكە بۆ ٢٠٠كەس نێردراوە١٢٩ كەس وەڵامی ڕاپرسیەكەیان داوەتەوە.
ڕاپرسیەكە لە ٢٤ پرسیار پێكهاتبوون، چوار پرسیار پرسیاری گشتی بوون، ١٤پرسیاریش بەشێوەی هەڵبژاردن بوون، ٦ پرسیار بەشێوەی نووسین بوون.
بچوكترین بەشداربووی ڕاپرسی تەمەنی ١٦ ساڵبوو، گەورەترینی بەشداربوو تەمەنی پەنجاو پێنج ساڵبوو.
٦٢٪ بەشداربوو ڕەگەزی مێ بوون ٣٨٪ ڕەگەزی نێر بوون.
٩٣٪ بەشداربووان دانیشتووی ئیدارەی سۆران بوون.
ئامانج لە ڕاپرسیەكە وەرگرتنی داتا و زانیاری بوو دەربارەی گرینكی خول و هۆی بەشداریكردنی بەشداربووان لەخولەكاندا كە لەسەر چ پێوەر و بنەمایەك بەشداری خول دەكەن؟ كواڵێتی خولەكان چۆنە لەلایەن بەشداربووانەوە؟
ئەنجامی ڕاپرسی تایبەت بەشداربووان و كواڵێتی و شێوازی خولەكان
یەكەم %44.2 بەشداربووان بەشداری خولی ئۆنڵاین و ئۆفڵاینیان كردووە، %37.2 بەشداربووان تەنها بەشداری خولی مەیدانی كردووە، %18.6 بەشداربوو تەنها بەشداری خولی ئۆنڵاینیان كردووە.
دووەم %89.9 پێیان وایە كەوا خولەكان لە ئێستادا زۆرن، %10.1 پێیان وایە خولەكان زۆرنین، لە پرسیارێكی تردا %56.6 پێیان وایە وێڕای زۆری خول هێشتا لە ئاست داخوازی ئەواندا نییە.
سێیەم %82.2ی بەشداربوو بەهۆی زۆری خول ڕووبەرووی دوودڵی و ڕاڕای دەبنەوە لە كاتی هەڵبژاردنی خول بۆ بەشداریكردن.
چوارەم %50.4ی بەشداربوو بەشداری خوڵیان كردووە بەناونیشانی جیاواز بە ناوەڕۆكی دووبارە.
پێنجەم %44.2 ی بەشداربوو پێیا ن وایە كە بڕوانامەی خولەكان سیڤییەكەیان بەهێز دەكەن، %48.8 بەشداربوو پێیان وایە تاڕادەیەكی كەم سیڤیەكەیان بەهێز دەكەن.
شەشەم %93ی بەشداربوو بۆ كۆكردنەوەی زانیاری بەشداری لە خولەكان دەكەن.
حەوتەم % 27.9 بەشداربوو كاتێك بڕیار دەدەن بەشداری خول بكەن ڕێگریان لێ دەكرێت لە بەشداریكردنیان.
هەشتەم %51.2 بەشداربوو بە گوێرەی پێویست ناتوانن بەشداری لە پرسیار و ڕاهێنانەكانی خول بكەن، بەهۆی زۆری ژمارەی بەشداربووان بەتایبەتی ئەو خولانەی ڕێژەی بەشداریكردنیان لە هۆلەكانە كە ژمارەیان لە دووسەت بۆ سێسەت كەس كەمتر نییە.
نۆیەم %81.4ی بەشداربوو پێیان وایە ئەو خولانەی لە ئێستادا زیاتر لە سیمینار دەچن، بەڵام لەژێر ناونیشانی خول و پێدانی بڕوانامە، كە ئەمەش زیاتر گۆزارشت لەو خولانە دەكات كە ژمارەیەكی زۆری بەشداربوو هەن، نەوەك ئەو خولانەی كە لە پۆلدا بەڕێوە دەبردرێن.
دەیەم %35.7 بەشداربوو دەڵێن:” رێكخەرانی خول پابەندی ئەو كاتانە نابن، كە ڕێكڵامی بۆ دەكەن، بۆ نموونە ئەگەر بڵێن كاتژمێر 3:30 خولەك ئامادەبن ئەوان 4:00 دەستپێدەكەن. ئەمەش وایكردووە %48.8 بەشداربوو متمانەیان لەدەستداوە لە كاتی دیاریكراوی خولەكان بۆ ڕۆژانی دواتر درەنگتر لەكاتی ئاماژە پێكراو ئامادەبووینە.
ئەنجام
لە ئەنجامدا دەتوانین بڵێین كەوا ئەگەر بەشداربووان توانیان زانیارییەكانیان كە لە خولەكانیان وەرگرتووە بەكاربێنن، ئەوادەتوانین بڵێین خولەكان سوودیان هەبووە. كە ئەمەش لە ئەنجامی خود هەڵسەنگاندنەوە دەكرێت، كە ئایا ئەو گۆڕانكارییانە چین لە ئاستییاندا ڕوویداوە، بەڵام ئەگەر بە پێچەوانەوەبوو تەنها دەبێتە مشەخۆری بڕوانامە كۆكردنەوە، بەمەش دەرفەت بە كەسی تر نادات بەشداری بكەن بەهۆی بەشداربووی دووبارە.
































































