زاری كرمانجی –کەشناسی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، گۆڕانكاری كەشوهەوا لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕێژەیەكی كەمبارانیشی لەگەڵە، ڕۆژی هەینی داهاتوو ئەگەری بارانبارین لە بەشێکی ناوچەکانی هەرێم هەیە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: کاریگەری دوو نزمە پەستانی لاوازی دەریای ناوەڕاست و نیمچە دوورگەی عەرەبی، لە ڕۆژی پێنجشەممەوە ئاسمانی هەرێم بەگشتیی بۆ نیمچەهەور و هەندێ ناوچە لە هەندێ کات بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت.
ڕاشیگەیاند: ڕۆژی هەینی ئاسمان بەردەوام نیمچەهەور دەبێت لە ئێوارەدا هەور زیاتر دەبێت لە ئاسمان، لە ئەگەری دروستنەبوونی گۆڕانکاری لە پێشبینیەکان ئەگەری بارانبارین لەسەر بەشێک لە سنووری پارێزگای هەولێر و بارانێکی مامناوەند لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و ناوچە جیاجیاکانی سنووری پارێزگای دهۆک هەیە.
ئەوەشی خستەڕوو کە بارانبارینی پێشبینیکراو لەسەر سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆک زیاترە لە چاو ناوچەکانی تر، سەنتەری سلێمانی و هەڵەبجە ئەگەری نمە بارانی پچڕ پچڕی دەبێت لە هەندێ کاتدا.
کەشناسی ئاماژەی بەوە دا کە پلەکانی گەرما بە چەند پلەیەک نزم دەبێتەوە، خێرایی با زیاد ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزوخۆڵیش دەبێت لەسەر بەشێک لەو ناوچانەی خێرایی با زیاد دەکات بە تایبەت ناوچەکانی باشووری هەرێم، لە کاتی نمەباران لەسەر ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری هەورە تریشقە هەیە، ئەو ناجێگیریەی کە دروست دەبێت تاوەکو ڕۆژی دووشەممە لەسەر کەشی ناوچەکەمان بەردەوامی دەبێت.