م. محەمەد ساڵح مستەفا
دووساڵ پێش ئێستا لە گەشتێک لەنێو فڕۆکە بووم، برادەرێکی میسری لە تەنیشتم دانیشتبوو. ڕێگە دوور بوو، بە ئاسانی نەدەبڕایەوە. بۆیە دوای یەکترناسین، ڕاماندایە قسە و گفتوگۆ.
کە زانی کوردم، سەری پرسیاری دانا و گوتی: ئێوە لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا، لە سیاسەت و پاڵپشتی نێودەوڵەتیدا باشتان هێنا، بەڵام بەڕاست، ئێوە خۆتان بۆ قۆناغی دوای کاک (مەسعود بارزانی) ئامادە کردووە؟
پرسیاری ئەو برادەرە تاساندمی و نەمزانی بڵێم چی؛ زمانم تەتەڵەی کرد و بەزۆر لەخۆکردنەوە گوتم: بەڵێ، ئەی چۆن!
ئێ خۆ لەپێش چاوی ئەو ناڵێم، نەوەڵا نەمانزانیوە!
دواتر پێیموت بۆ ئەو پرسیارەت کرد؟
گوتی: ڕاستییەکەی، من وای دەبینم ئێوە تا ئەوتان لەناوە، چ لە نێوخۆیی و چ لەدەرەوە، ئەوەندە کێشەتان نییە و نابێت، بەڵام بۆشاییە گەورەکەتان لەدوای ئەوەوە دەست پێ دەکات.
لەدڵی خۆم بیرم کردەوە و گوتم: وەڵا خۆ ڕاست دەکات، هەر بەڕاستی ئێمە قەدری ئەومان نەزانیوە؛ میللەتێک کە تاکە سەرکردەیەکی بە ئەزموون و دنیادیتەی لەنێو ماوە و وڵاتەکەی هێشتا هەر هەرێمە و نەبۆتە دەوڵەت، کەچی تا ئێستا نەیتوانیوە قەدری ئەوە سەرکردە مەزنەی بگرێت، دەبێ چاوەڕێی چی لێ بکەین؟
لەو ڕوانگەیەوە، هەق وایە بێ گوێ دانە بیری تەسکی حزبایەتی و تا لەدەستمان نەچووە، هەموومان وەک ڕابەر و سەرۆک، سەیری ئەو پیاوە مەزنە بکەین، دواتر خوا نەخواستە ئەوەی تا ئێرەمان هێناوە، لێمان دەبێت بە بڵقی سەرئاو.
کوردەواری دەڵێت: “ئەوەی گەورەیەکی نەبێت، گەورەیەک ناهێنێت.” ئێستا کە دەرفەتێک بۆ کورد هاتۆتە پێش، دەبێت بە زوویی بیقۆزێتەوە، ئەوەش تەنها بەیەکڕیزی و گوێگرتن لە سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک بارزانی دەکرێت.
بە کوردی و بە کورتی:
ڕاست ئەوەیە هەموومان، بێ گوێ دانە بیری تەسکی حزبایەتی، قەدری ئەو سەرۆک و ڕابەرەمان بزانین، کە هەموو تەمەنی نەزری نەتەوە و نیشتمانەکەی کردووە و بۆتە سیمبولی خۆڕاگریی کوردستان.