هاووڵاتییان: تانکەرێکى نەوت فێڵى لێکردین
زارى کرمانجى:
لە کاتى دابەشکردنى نەوت بەسەر هاووڵاتییانى لە قەزاى رواندز ، خەڵک گلەییان لە تانکەرێکى نەوت هەبووە، کە نەوتى کەم لە بەرمیلەکان کردووەو هەروەها هاووڵاتییان دەڵین: ”نەوتى زیادەى بە پارە پێ فرۆشتووین”
بەپێى ئەو زانیارییانەى دەست زارى کرمانجى کەوتوون، ئێوارەى دوێنى لە گەڕەکى لاوان و بانەزێوکى ڕواندز، لە کاتى دابەشکردنى نەوت بەسەر هاووڵاتییان، خاوەن تانکەرێکى نەوت، فێڵى لە خەڵک کردووەو، بۆ هەندێ هاووڵاتى نەوتى کەم لە بەرمیلەکان کردووە، بە تایبەت ئەوانەى لە ماڵەوە تانکیان هەبووە، بۆ هەندێکى دیکەش لە بەرامبەر پێدانى بیست لیتر نەوتى زیادە، بڕى ١٠ هەزار دینارى لێوەرگرتوون.
هاووڵاتییەک کە نەیوست ناوەکەى ئاشکرا بکەین گووتى: ” من سێ بەرمیل نەوتم وەرگرت نزیکەى ٦٠ لیترى کەم بووە”.
هاووڵاتییەکى دیکەش دەڵێت: ” بۆمن ٢٠ لیتر نەوتى زیادەى تێکرد، لە بەرامبەردا بڕى ١٠ هەزار دینارى لێوەرگرتم”.
هەربەپێى ئەو زانیارییانەى گەیشتوونەتە زارى کرمانجى: ” شەوى ڕابردوو بۆ چەند کاتژمێرێک خاوەن تانکەرەکە گیراوەو دواتر ئازادکراوە، هەروەها لەلایەن قایمقامیەتى ڕواندز هەموو کۆبۆنەکانى لێوەرگیراون”.