زاری كرمانجی – سیدەكان
بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان، رایدەگەینێت، بەهۆی پەكەكە و توركیا دۆخی تەناهی دەڤەرەكەمان بە تایبەت گوندە سنوورییەكانمان ئارام نییە و بە تەواوی تێكچووە .
ئیسحان چەلەبی بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان، دووپاتی كردەوە:” بەهۆی هەبوونی پەكەكە و شەڕ و پێكدادانیان لەگەڵ توركیا، لە دوای ساڵی 2017 دۆخی تەناهی دەڤەرەكەمان بە تایبەت گوندە سنووریەكان ئارام نییە و ئەوەش بەهۆی ئەوەیە بەردەوام شەڕ و پێكدادان و بۆردومان لە سنوورەكەمان هەیە .
زیاتر گووتی:” تەنها لە ساڵی 2018 ، 196 خانهوادە لە گوندە سنووریەكانمان ئاوارە بوون و لەلایەن رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان وەك ئاوارەی جەنگ ئەژماركران، لەم ساڵانەی دوایدا هەریەك لە گوندەكانی سیران و مێرگەڕەش كە ژمارەیان 12 ماڵباتە ئاوارەن و ناتوانن بگەڕێنەوە سەر گوندەكانییان و چەند گوندێكی دیكەی سنووری لە دۆخێكی خراپدان .
بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان، ئاشكراشی كرد:” هەر بەهۆی پەكەكە، توركیا بە مەودوای 50 كیلۆمەتر بە درێژی داخلی نێو خاكی هەرێمی كوردستان لە سنووری سیدەكان بووە، ژمارەیەك قەرەقۆڵی سەربازی دروست كردووە، نزیكەی 46%ی خاكی سیدەكان بەهۆی پەكەكە لە ژێر دەستەڵاتی توركیادایە، ئەگەر پەكەكە لەو ناوچانە نەبووایە، ئەوا بێگومان توركیا داخلی سنوورەكانمان نەدەبوو”.