زاری كرمانجی – سۆران :
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند : هێرشەكانمان بۆ سەر حیزبوڵڵا لە تەواوی لوبنان و شاری بەیرووت بەردەوام و چڕتر دەبێت.
لە لای خۆشیەوە باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەیرووت “داوای لە سەرجەم كارمەند و هاووڵاتییانی ئەمەریكی كرد هەر ئێستا خاكی لوبنان جێبهێڵن، چونكە ڕەنگە گەشتە ئاسمانییەكان بۆ كاتێكی درێژ بەردەست نەبن”.
باڵیۆزخانەی ئەمریكا ڕاشیگەیاند ” ڕەنگە ئەو گەشتە ئاسمانییانەی كە باڵیۆزخانە بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییانی ئەمەریكی ڕێكی خستووە و ئێستا بەردەستن، لە كاتی بوونی هەر ئاڵۆزییەكدا بەردەوامییان نەبێت”.
ئەم ئاگادارییەی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە كاتێكدایە یوئاف گالانت وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو ” وڵاتەكەی بەو پەڕی هێزەوە وەڵامی هێرشەكانی حیزبوڵڵا دەداتەوە”.
هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئیسرائیل لە لایەن حیزبوڵڵا و گرووپە میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە عێراق و یەمەن بەردەوامی هەیە و لە دواین هێرشدا لە ڕێگەی درۆنێكی بۆمبڕێژكراوەوە هێرش كرایە سەر سەربازگەیەكی ئیسرائیلی و بەو هۆیەوە چوار سەرباز كوژران و زیاتر لە 60ی دیكەش بریندار بوون، ئەمەش ئیسرائیلییەكانی تووڕەتر كردووە و چاوەڕێی تۆڵە كردنەوەیەكی بەهێز دەكرێت.































































