مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
واشنتن پۆست لە زاری بەرپرسێكی سەربازی ئەمەریكی ئاشكرای دەكات كە ناتانیاهۆ لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی دا، بایدنی لە وەڵامدانەوەی سەربازیی هێرشە مووشەكییەكەی ئێرانی ئاگادار كردووەتەوە و بەرپرسێكی ئیسرائیل یش دەڵێت هێرشەكە بەر لە 5 ی تشرینی دووەمی 2024 بۆ سەر ئێران ئەنجام دەدرێت.
بەرپرسێكی ئەمەریكی كە ناوەكەی ئاشكرا نەكراوە بە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست ی ڕاگەیاندووە “بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، جۆو بایدن سەرۆكی ئەمریكای لە سەر شێوازی وەڵامدانەوەی هێرشە مووشەكییەكەی ئێرانی ئاگادار كردووەتەوە كە هێرشەكانیان بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەكان دەبێت، نەك وێستگە ئەتۆمییەكان و كێڵگە نەوتییەكان.”
هاوكات بەرپرسێكی سەربازی ئیسرائیلی ڕایدەگەیەنێت كە هێرشی وڵاتەكەی بۆ سەر ئێران بەر لە 5ی تشرینی دووەمی 2024 و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا دەبێت.
ئەگەرچی تا ئێستا كۆشكی سپی لە سەر پەیوەندییەكەی بایدن و ناتانیاهۆ هیچ ڕاگەیاندراوێكی فەرمی بڵاو نەكردووەتەوە، بەڵام نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژە بەوە دەكات “گوێ لە بۆچوونەكانی ئەمەریكا دەگرین، بەڵام بڕیاری كۆتایی خۆمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە نەتەوەیییەكانی خۆمان دەدەین.”
هێرشە مووشەكییەكەی ئێران بۆ سەر ناوەندە سەربازییەكانی ئیسرائیل، هەر وەكوو تەلئەبیب ئاشكرای كردووە زیانی ماددی زیاتر لە 50 ملیۆن دۆلاری لێ كەوتووەتەوە.
دوای هێرشەكەی ئێران، ئیسرائیل ڕایگەیاند كە وەڵامێكی ئازار بەخشی توندیان دەبێت بۆ ئێران.
































































