زارى کرمانجى:
بەپێی پێشبینیەکانی کەشوهەوا ئەم هەفتەیە شەپۆلێکی باران بارین چەند ناوچەیەکی هەرێم دەگرێتەوەو لە هەفتەی داهاتووشەوە پلەکانی گەرما بەڕێژەیەکی بەرچاو دادەبەزن.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی پێشبینی دەکات، رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم ھەفتەیە ناوچەکانی باکوری ھەرێم دەکەونە ژێر کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆیەکی ئەوروپا و شەپۆلێکی پچر پچری بارانبارین ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای دھۆک و ھەولێر دەگرێتەوەو تا ئێوارەی پێنج شەممە بەردەوامی دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو شەپۆلە باران بارینە جگە لە هەولێرو دهۆک ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
ئەو کەشناسە ئەوەیشی خستووەتەڕو لە ئەنجامی ھاتنی بارستە ھەوایەکی سارد لەسەرەتای ھەفتەی داھاتو بەدواوە پلەکانی گەرما نزیکەی هەشت پلە دادەبەزن، بەڵام پێشبینی باران بارین ناکرێت.
دەستەی کەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراقیش رایگەیاند، رۆژانی چوار شەممە و پێنج شەممە لە هەرێمی کوردستان ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و لە چەند ناوچەیەک پێشبینی باران بارین و نزمبونەوەی پلەکانی گەرما دەکرێت.

































































