محەممەد مەحموود- سۆران :
دوێنێ لە گەنجینەوە چەکی پارەی وانەبێژی تەواوی پەروەردەکانی ئیدارەی سۆران رەزامەندی لەسەر درا، ئەمڕۆش شایستە داراییەکانی مانگی ٦ وەردەگرن.
ئەسعەد غەفوور، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە ئیدارەی سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند” ئەمڕۆ دووشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2024 شایستە داراییەکانی وانەبێژی مانگی 6 ی ئەمساڵ لەپەروەردەی گشتی ئیدارەی سۆران بۆ هەریەک لەپەروەردەکانی (ناوەندی سۆران، چۆمان، رواندز ، مێرگەسۆر) دابەش دەکرێت.
بە پێی نووسراوێکی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ مووچەی مانگی نۆ بە شێوەی گرێبەست مووچە وەردەگرن لە دوای خەرجکردنی شایستە داراییەکانی مانگی ٦ وەک مامۆستای وانەبێژ، هەروەها شایستە داراییەکانی مانگەکانی ٧-٨ دوای مووچەی مانگی نۆی مامۆستایانی گرێبەست دەبێت.
سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەشداوە ” هەر مامۆستایەکی گرێبەست پێشتر لە دامەزراوەیەکی حکومی دامەزرابێت بە گرێبەست، مووچەی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردەی بۆ خەرج ناکرێت، بەڵکو لە شوێن دانانی بۆ دەکرێت بە پێی ئەو ناوانەی وەزارەتی پەروەردە بەرزی کردونەتەوە.