مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
هێزە سنوور پارێزەكانی ئێران، نزیكەی حەفتا سەر ئاژەڵی چەند هاونیشتمانییەكی گوندی (گوندەژوور)ی سەر بە ناحیەی حاجی ئۆمەران یان دەستبەسەر كردووە و بردوویانەتە ئەو دیو سنوور و بەڕێوەبەری ناحیەكەش باس لەوە دەكات مانگاكان لە شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كەرەنتینە كراون.
عەبدولوەهاب مەحموود بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند “هێزە سنوور پارێزەكانی ئێران، نزیكەی حەفتا سەر ئاژەڵی چەند هاووڵاتییەكی گوندی (گوندەژوور) یان بردووە و لەو دیو سنوور كەرەنتینەیان كردوون.”
بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران دەشڵێت “گوندەكە نزیك سنوور و پایەگاكانی هێزە سنوور پارێزەكانی ئێرانە و پێدەچێت شەو مانگاكان نزیكی ئەو شوێنە كەوتبنەوە و ئەوانیش دەستبەسەریان كردوون و بردوویانەتە ئەو دیو سنوور.”
عەبدولوەهاب مەحموود ئەوەشی بە زاری كرمانجی گووت “لە ڕێگەی پەیوەندییەكانی هەرێم، لەگەڵ كۆماری ئیسلامی لە هەوڵداین بۆ گەڕاندنەوەی مانگاكان و لە ئێستادا چاوەڕێ وەڵامی ئێرانین.”
































































