مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێس لە ڕاپۆرتێكدا ئاشكرای دەكات كە ڕووسیا لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیا و یارییەكی كۆمپیوتەری و تاقیكردنەوەی وشەسازیی ڕووسی 100 وشەیى، بە دەییان كچی ئەفریقی لە خشتە بردووە و ڕاپێچی وڵاتەكەی كردووە، دوای ئەوەی بەڵێنی پێداون ئەگەر یارییەكە تەواو بكەن، گەشتی خۆڕایی و پارە و خوێندنی بێبەرامبەریان لە ڕووسیا بۆ دەستەبەر دەكرێت، بەڵام هەندێك لەو كچانە لە بڕی كار و خوێندن و خۆش ڕابواردن، خۆیان لە ناوچەی تاتارستانی ڕووسیا و كارگەیەكی دروستكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی دیزاینكراوی ئێرانی دیتەوە كە بۆ بەكارهێنان لەدژی ئۆكراینا ئامادە دەكرێن.
لە چاوپێكەوتنەكانیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، بەشێك لە كچان گلەیی لە كاتژمێرە درێژەكانی ژێر چاودێری بەردەوام و شكاندنی بەڵێنەكان سەبارەت بە كرێ و بوارەكانی خوێندن و كاركردن لەگەڵ ماددە كیمیایییە سووتێنەرەكان كە بوونەتە هۆی خورانی پێست دەكەن و پێیان وایە كە ڕووسیا لە ڕێگەی یاریی و بەڵێنی نادروست ئەوانی لە خشتە بردووە .
بەپێی لێكۆڵینەوەكان، نزیكەی 200 ژنی ئەفریقی لە كارگەیەكدا لە ناوچەی ئابووری تایبەتی ئەلابوگا لە تاتارستان كە نزیكەی 1000 كیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی مۆسكۆوە دوورە، لەگەڵ خوێندكارە ڕووسییە تەمەن 16 ساڵانەكاندا كار دەكەن .
یەكێك لە كرێكارە ئەفریقییەكان دەڵێ “لە ڕاستیدا نازانم چۆن فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دروست بكەم ,” ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەو كارەكەی لە وڵاتەكەی بەجێهێشتووە و ئۆفەری ڕووسیای قبووڵ كردووە.”
یەكێكی تر لە كرێكارەكان ئاماژەی بەوەدا ئەو ماددە كیمیایانەی كە بەكارهێنراون بوونەتە هۆی دەركەوتنی (كونی بچووك) لەسەر دەموچاوی و خورانی توندی پێستی، دەشڵێت “ئەی خوایە گیان، ناتوانم واز لە خراپە كردنی خۆم بهێنم!”
ئاژانسەكە ئەوەشی خستووەتە ڕوو كە (كرێملین) بۆ پڕكردنەوەی كەمیی هێزی كار لە ڕووسیا، ژنانی تەمەن 18 بۆ 22 ساڵ لە شوێنەكانی وەك ئۆگەندا، ڕواندا، كینیا، باشووری سوودان، سیرالیۆن و نایجیریا و هەروەها وڵاتی سریلانكای باشووری ئاسیا وەرگرتووە و بڕیارە ئەم هەڵمەتەش بۆ شوێنەكانی دیكەی ئاسیا و هەروەها ئەمریكای لاتین فراوانتر بكات.
لەمبارەیەوە ڕاڤینا شەمداسانی، گوتەبێژی كۆمیسیاری باڵای مافەكانی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان، دەڵێت كە كارەكانی ڕووسیا “ڕەنگە پێوەرەكانی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە بەدیبهێنن ئەگەر دامەزراندنەكە ساختەكاری بێت و مەبەست لێی ئیستغلالكردن بێت.”
هاوكات ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاندووە كە ڕووسیا چالاكانە كەسانی بیانی لە ئەفریقا و هیندستانەوە وەرئەگرێت بۆ پشتیوانی لە شەڕەكەی لە ئۆكرانیا، بە بەڵێنی هەلی كارێكی قازانج بەخش بەبێ ئەوەی بە تەواوی سروشتی كارەكە ڕوون بكاتەوە.
سەرەڕای زیادبوونی بەرهەمهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لەلایەن ڕووسیاوە، بەڵام پرسیار لەسەر كوالێتی و وردبینییان هەیە و شیكارییەك بۆ نزیكەی 2000 هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كە لە 29 ی تەممووزەوە لەلایەن سوپای ئۆكرایناوە بەڵگەی لەسەر كراوە، دەركەوتووە كە نزیكەی 95% یان هیچ ئامانجێكی ڕوونیان نەپێكاوە.