مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئەندرۆ ساندی ئیرڤین و جۆرج مالۆری، دوو شاخەوانی بەناوبانگی ئینگلیزی بوون كە لە ساڵی 1924 هەوڵیاندا بەسەر بەرزترین لووتكە چیای ئێڤرێست سەربكەون، بەڵام دواتر ونبوون، تا ساڵی 1999 پاشماوەی تەرمی جۆرج مالۆری بە هۆی توانەوەی بەفر لە ژێر بناری چیاكە دۆزرایەوە و چارەنووسی ئەندرۆش بە نادیاری مایەوە .
پێگەی ناشناڵ جیۆگرافیك بڵاوی كردەوە كە لەلایەن یەكێك لە تیمەكانیانەوە “كەلوپەل و پاشماوەی تەرمێك دۆزراوەتەوە كە ڕەنگە هی شاخەوانی ئینگلیزی ئەندرۆ ئیرڤین بێت، كە 100 ساڵ لەمەوبەر لەسەر چیای ئێڤرێست ون بووە،”
لە درێژەی ڕاپۆرتەكەی ناشناڵ جیۆگرافیك هاتووە “جیمی چین، سینەماكار و فۆتۆگرافەر، بۆ تۆماركردنی ڕاپۆرتێكی دۆكیۆمێنتاری سەركردایەتی تیمێكی ناشناڵ جیۆگرافی كردووە بۆ چیای ئێڤرێست، لە كاتی سەركەوتنیان لە بناری باكووری چیای ئێڤرێستەوە بە هۆی توانەوەی بەفر پێڵاوێك و چەند پارچەیەك لە ئێسك و جلوبەرگی دڕاویان دۆزیوەتەوە كە پێ دەچێت پاشماوەی تەرمی ئەندرۆ ساندی ئیرڤین بێت،”
پێگەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە هەواڵیان بە جولی سامێرزەی تەمەن 64 ساڵ داوە كە خوشكەزای ئیرڤینە، بۆ ئەوەی نموونەی DNA یان لێ وەربگیرێت بۆ بەراوردكردن لەگەڵ پاشماوەكان بە مەبەستی پشتڕاستكردنەوەی ناسنامەكەیان.
ئیرڤین و مالۆری ئەو دوو شاخەوانە ئینگلیزە، لە 8ی حوزەیرانی 1924، هەوڵیان داوە ببنە یەكەم و دووەم كەس لە جیهاندا، كە ئاڵای وڵاتەكەیان لە سەر بەرزترین لووتكە چیای ئێڤرێست هەڵبكەن، ئەگەرچی تا ئێستا نازانرێت ئایا ئەو دوو شاخەوانە توانیویانە بەسەر لووتكەكەدا سەربكەون یان نا .