زاری كرمانجی – سۆران :
سوسەن حەسەنزادە، چالاكی مەدەنی و مامۆستای خۆبەخشی زمانی كوردی لە شاری بۆكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە لایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێ مانگ بەندكرانی بەسەردا سەپێنرا
بە گوێڕەی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، سوسەن حەسەنزادە چالاكی مەدەنی و مامۆستای خۆبەخشی زمانی كوردی لە شاری بۆكان، لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەكانی بۆكان بە تۆمەتی “بانگەشە دژی حكومەت” سزای سێ مانگ بەندكرانی بەسەردا سەپێنرا.
سوسەن حەسەنزادە پێشتر لە ١٥ی ئایاری ئەمساڵ، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی سەر بە ئیتلاعاتی بۆكان دەستگیركراو دواتر بە دانانی بارمتەی ٨٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەیەكی كاتی و تا تەواوبوونی دادگایەكەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ئازاد كرا.
هەنگاو ئاشكراشی دەكات، سوسەن حەسەنزادە لە ماوەی دەستبەسەربوونەكەیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و تەنیا جارێك پەیوەندییەكی كورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەكەی هەبووە.