زاری كرمانجی – سۆران :
بەگوێرەی ڕاپۆرتی سی ئێن ئێن، كۆماری ئیسلامی ئێران لە دڵەڕاوكێی زۆردا دەژیت و پەنای بۆ دیپلۆماسی فریاگوزاری لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بردووە، بۆ ئەوەی یارمەتی بدەن بۆ كەمكردنەوەی قەبارەی هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل.
تەلەڤزیۆنی (سی ئێن ئێن) ی ئەمەریكی لە ڕاپۆرتێكدا كە پشتی بەستووە بە سەرچاوە ئاگادارەكان، ڕایدەگەیەنێت كە ئێران لە ترسی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل تووشی دڵەڕاوكێی زۆر بووە و دەڵێ “كۆماری ئیسلامی ئێران زۆر دڵەڕاوكێی هەیە و دەستی كردووە بە دیپلۆماسی فریاگوزاری لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە مەبەستی یارمەتیدانیان بۆ كەمكردنەوەی قەبارەی هێرشی تۆڵەسەندنەوەی نزیك لە لایەن ئیسرائیلەوە.”
لە ڕاپۆرتەكەی سی ئێن ئێن هاتووە “نیگەرانیی كۆماری ئیسلامی لەوە دایە كە دڵنیا نییە ئایا ئەمریكا دەتوانێت ئیسرائیل ڕازی بكات هێرش نەكاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمی و نەوتییەكانی وڵاتەكەی، هەروەها لاواز بوونی حیزبوڵڵای لوبنان كە گرنگترین هێزی نیمچە سەربازیی كۆماری ئیسلامییە لە ناوچەكەدا، بە هۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی ئیسرائیل، ئێرانی زیاتر نیگەران كردووە.”
هاوكات بەگوێرەی سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی عەرەبی، هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە كەنداوی فارس لەوان میرنشینە یەكگرتووەكانی عەرەبی، بەحرەین و قەتەریش نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەكانی ئێران و كاریگەرییە نەرێنییەكانی ئابووری و ژینگەیی بۆ ناوچەكە بە ئەمەریكا گەیاندووە .
































































