گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق گوتی: پرۆسەی دابەشكردنی كارتی دەنگدان لە ھەرێمی كوردستان بەردەوامە و تاوەكو ئەنجوومەنی كۆمسیاران بڕیار دەدات بەردەوام دەبێت.
جومانە غەلای، گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ئێستا لە سەرجەم بنكەكانی كۆمسیۆن لە ھەرێمی كوردستان دابەشكردنی كارتی دەنگدان بەردەوامە و داوا لە خەڵكی ھەرێمی كوردستان دەكەین، ئەوانەی پێشتر خۆیان تۆمار كردووە، سەردانی بنكەكانی دەنگدان بكەن بۆ وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدان، بۆ ئەوەی لە ڕۆژی دەنگدان بێبەش نەبن و بتوانن دەنگی خۆیان بدەن، دەنگدەریش دەتوانێ بچێت لەو شوێنەی ناوی تۆمار كردووە كارتی خۆی وەربگرێتەوە.
جومانە غەلای گوتیشی: ھیچ وادەیەك دیاری نەكراوە بۆ ئەوەی كەی كۆتایی بە دابەشكردنی كارتی دەنگدان دێت، ئەنجوومەنی كۆمسیاران دەتوانێت بڕیار بدات چ كاتێك كۆتایی بە دابەشكردنی كارتی دەنگدان بێت، بۆیە دەرفەتە بۆ ئەوانەی كارتیان وەرنەگرتۆتەوە بچن سەردانی بنكەكانی دەنگدان بكەن و كارتی خۆیان وەربگرنەوە.
بڕیارە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ٢٠/١٠ بەڕێوە بچێت، ئێستا بانگەشە بەردەوامە و پارتی دیموكراتی كوردستان بە لیستی ١٩٠ بەشداری لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات.
































































