کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاوکردەوە” بەسەرکەوتووی خشتەی کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەواوکراون، پێویستە لایەنە سیاسییەکان، هاوپەیمانیێتی و كاندیدەكان پابەند بن بە پەیڕەو و سیستمی هەڵبژاردن کە بۆ رێکخستنی بانگەشە دەرکراوە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمەش لە ڕێگەی پابەندبوون بە ڕێساکانی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن و کۆنترۆڵکردنی سیستەمی بانگەشەی هەڵبژاردن کە بەپێی سیستەمی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٢٣ کاری پێدەکرێت.
کۆمسیۆن لە بەیاننامەکەیدا هیوای دەخوازێت کە” بانگەشەکانی هەڵبژاردن ئەو بیرۆکانە نەگرێتەوە کە هاندەری توندوتیژی و ڕق و کینە یان سووکایەتیکردن بە کاندیدەکانی دیکە و لایەنە ڕکابەرەکانن”.
ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە لیست و كاندیدەكان تاوەکو رۆژی دەنگدان و راگەیاندنی ئەنجامەکان دوربکەونەوە لە وتاری توندوتیژی، رق و کینە، سوکایەتیکردن و زیانگەیاندن بە كاندیدەكانی دیکە و رکابەرەکانیان.
کۆمسیۆنی عێراق داواش لە هەموو هاوبەشەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن دەکات لەوانەش دەنگدەران، هاوپەیمانییەکان، لایەنە سیاسییەکان، کاندیدەکان، چاودێران، دەزگاکانی ڕاگەیاندن و هەموو ئەوانەی پەیوەندییان بە کاروباری هەڵبژاردنەکانەوە هەیە، پشتیوانی لە کارەکانی کۆمسیۆن بکەن و بەشداری لە هەوڵەکانیدا بکەن بە ئامانجی ڕێکخستن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە کە متمانەی هەمووان جێبەجێبکات.
































































