محەممەد مەحموود- سۆران:
رۆژی ١٠ـی تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێک بە ڕۆژی جیهانیی تەندروستیی دەروونی دادەنرێت، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی هۆشیاری خەڵک سەبارەت بە نەخۆشییە دەروونییەکان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیدا.
بەشی دەروونزانی زانکۆی سۆران بۆ یادی ئەو رۆژە چەند چاڵاکییەکی رێکخستووە بە هاوکاری یەکەی چالاکییە وەرزشی و هونەرییەکان و بەشی وەرزش، چاڵاکییەکان پێکدێن لە ئەنجامدانی وۆرک شۆپ و چاڵاکی وەرزشی و پراکتیکی کە گوزارشت لە بابەتە دەروونییەکان دەکەن بەو یادەوە.
یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی ژیانی مرۆڤ هەستکردنە بە خۆشی و بەختەوەری، رێکخراوی تەندروستی جیهانی بەم شێوەیە پێناسەی دەروون دروستی دەکات ” دۆخێکی تەواوەتییە لە باشبوون ، لە رووی جەستەیی، دەروونی، کۆمەڵایەتی، نەک تەنها نەبوونی نیشانەی نەخۆشی”.
هەر ئەم رێکخراوە پێناسەیەکی تری بۆ دەروون دروستی هەیە و دەڵێت ” بریتییە لە توانای تاک بۆ گەشەپێدان بە تواناکانی خۆی و توانای کارکردن بە شێوەی داهێنەرانەو بەرهەمدار”.
تەندروستی دەروونی بەشێکی گرنگ و دانەبڕاوە لە تەندروستی گشتی،کە گرنگیدەدات بە هەڵسەنگاندن و دەستنیشانکردنی بارودۆخی دەروونیی کەسێک لەڕووی شێوازی بیرکردنەوە، هەستکردن، کارکردن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە.
بەپێی بە دواداچوونەکان لە جیهاندا ٤٠ ملیۆن کەس گیرۆدەی گرفتە دەروونییەکانن کە تەمەنەکانیان لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٩ ساڵ خەمڵینراوە؛ گرفتە دەروونییەکان دەتوانن کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی جەستەیی دروست بکەن لەوانە: خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، گرفتە مێشکی و ڕەفتارییەکان، بە بڵاوترین گرفتە دەروونیەکان دادەنرێن.
دیاریکردنی گرفتە دەروونیەکانی کەسێک، تێگیشتن لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیدا ئاسان دەکات؛ پێویستە گرنگیدان بە تەندروستی دەروونی لە هەموو قۆناغەکانی ژیاندا ڕەچاو بکرێت چونکە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی هەر تاکێکی کۆمەڵگە هەیە.