دەنگی پەیوەندی تەلەفۆنی لە نێوان بافڵ و قوباد تالەبانی بڵاو كرایەوە، سووكایەتییەكی زۆری لە ئاست كەس وكاری شەهیدان و پێشمەرگە تێدایە لە هەمانكاتیشدا، باسی ئەوە دەكات كە منەتی بە (دەنگدەری خوێری) نییە.
بە هۆی كاردنەوەی ئەو دەنگە لە نێو شەقامی كوردستان، هەر زوو لە لایەن یەكێتی و بە تایبەتی بافڵ و قوباد تاڵەبانی رەتكرایەوە و بە درووستكراو ناوزەدیان كرد.
خەسرۆ محەمەد، شارەزا لە بواری ئای تی( I T) بە زاری كرمانجی گووت” چەند جارێك بە وردی گوێم لە دەنگەكە گرت، ئەو دەنگە درووستكراو نییە، ئەگەر وایە با بچن سكاڵا بكەن بە دڵنیاییەوە دەدۆرێن بۆیەش ئەم كارە ناكەن و تەنها بچووكی دەكەنەوە بۆ چوارچێوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن”.
خەسرۆ محەمەد، زیاتر رونیكردەوە” گریمان ئەو دەنگە درووستكراو بێت، ئەدی تیرۆر كردنی هاوكار جاف و كانی كوردەیی، ئەدی خیانەتی 16 ئۆكتۆبەر، ئەدی هەبوونی كارگەی مەوادی هۆشبەر، ئەدی سووتاندنی بازاری هەولێر و كەركووك، خۆ ئەمانە دروستكراو نین”.
زیاتر روونیكردەوە ” خەڵك لەوە هۆشیارترە و ژیرترە ئەو تاوانانەیان بە هاتو هاواری بانگەشە لە بیر بچێتەوە، ئەنجامەكەشی لە 20ی ئەم مانگە دەبینین”.


































































