مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە ناوچە شوێنەوارییەكانی قەزای حەسەنكێف لە پارێزگای باتمان ی باكووری كوردستان، شوێنەواری بینایەكی سەربازی سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ڕۆما دۆزرایەوە كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزار و 600 ساڵ بەر لە ئێستا .
ئەگەرچی مێژووی حەسەنكێف بۆ 11 هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و دەكەوێتە سەر كەناری ڕووباری دیجلە، بەڵام بە هۆی بڕیاری حكومەتی توركیا لە دروستكردن و بنیاتنانی بەنداوی ئەلیسۆ، نزیكەی 100 گوندی حەسەنكێف و بەشێكی زۆر لە شوێنەوارەكانی ئەو قەزایە ژێر ئاو كەوتوون.
سەرەڕای ئەوەش كارەكانی هەڵكۆڵین لە قەڵای حەسەنكێف بەردەوامە كە بە یەكێك لە دێرینترین شوێنەوارە مێژووییەكانی مرۆڤایەتیی دادەنرێت . كارەكان بە سەرۆكایەتی یاریدەدەری پرۆفیسۆر د. زەكای ئەرداڵ مامۆستا لە بەشی مێژووی زانكۆی ئارتوكڵو لە مێردین بەڕێوەدەچێت.
تا ئێستا شوێنەواری هەمەجۆری سەردەمی ئاشوورییەكان، ساسانییەكن، سەردەمی بێزەنتی، سەردەمی چوار خەلیفە، ئەمەوییەكان، عەباسییەكان، حەمدانییەكان، مەروانییەكان، ئارتووڵییەكان، ئەیوبییەكان، ئیلهانییەكان، عوسمانی و سەردەمی كۆماری لە ناوچەی حەسەنكێف دۆزراوەتەوە.



































































