مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕێكخراوی بەخشینی خوێن و ژیان، لە ماوەی 9 ساڵ تەمەنی خۆیدا زیاتر لە حەفتا هەزار بوتڵ خوێنی بەخشیوە و سەرۆكی ڕێكخراوەكە دەڵێت “بێ جیاوازی، هاونیشتمانییان لە هەر كوێیەكی كوردستان بن و پێویستیان بە خوێن بووبێت، خوێن بەخشانی ئێمە خوێنیان پێ بەخشیون.”
هونەر سۆفی سەرۆكی ڕێكخراوی بەخشینی خوێن و ژیان، لەسەر كار و چالاكییەكانی ڕێكخراوەكە بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند “ڕێكخراوەكەمان زیاتر لە 12 هەزار خوێن بەخشی هەیە لە زۆربەی شارەكانی كوردستان و لە ماوەی 9 ساڵ تەمەنی ڕێكخراوەكەشدا 250 هەڵمەتی خوێن بەخشینمان ئەنجام داوە و زیاتر لە حەفتا هەزار بوتڵ خوێنمان بەخشیوە بەو هاونیشتمانییانەی كە پێویستیان بە خوێن هەبوو بێت (نەخۆش، بریندار، قوربانیانی هاتووچۆ، دایكانی دووگیان، شێرپەنجە و سووتان)،”
هونەر باس لەوەش دەكات كە ڕێكخراوەكەیان دەورێكی كاریگەری هەبوو لە دابینكردنی خوێن بۆ بریندارانی پێشمەرگە لە جەنگی دژ بە داعش و دەشڵێت “لە هەر كوێیەكی كوردستان هاووڵاتییان پێویستیان بە خوێن هەبووبێت، خوێن بەخشانی ئێمە فریان كەوتوون و خوێنیان پێ بەخشیون.”
ڕێكخراوی بەخشینی خوێن و ژیان، لە ڕێكەوتی 14ی 1ی 2015 دامەزراوە و خاوەنی 23 لقی ڕێكخراوە لە شار و شارۆچكەكانی باشووری كوردستان و ئۆفیسی سەرەكی ڕێكخراوەكە لە قەزای ناوەندی سۆرانە و زیاتر لە 12 هەزار خوێن بەخشی هەیە.