مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەسەر هێزە میلیشیاكانی سەر بە ئێران هۆشداری بە عێراق دەدات و ڕایدەگەینێت “ئەو گرووپانە دەیانەوێت عێراق تێوە بگلێنن لە شەڕێك كە پەیوەندی بە گەلی عێراقەوە نییە.”
ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا نیگەرانی خۆیان لەسەر هەڕەشە بەردەوامەكانی گرووپە میلیشیاكانی نزیك لە ئێران كە بە ناوی (مقاوەمەی ئیسلامی) یەوە لە عێراق هێرش دەكەن سەر ئامانجەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕایگەیاند و گوتی”میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە عێراق، بوونەتە هۆكارێك بۆ ناسەقامگیركردنی دۆخی ناوچەكە و پەلكێشكردنی عێراق بۆ نێو شەڕێك كە پەیوەندی بە گەلانی عێراقەوە نییە.”
میلەر ئاشكراشی دەكات ئەمەریكا بۆ بە دوورخستنی عێراق لەو شەڕەی لە نێوان حیزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل و حەماس هەیە لە هەوڵی بەردەوام دایە و دەڵێت “لەگەڵ حكومەتی عێراق لە سەر هێڵین بۆ ڕێگریكردن لەو هێرشانەی لە نێو سنوورەكانییەوە دەكرێنە سەر بنكە سەربازییەكان و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.”