بەختیار سەباح-چۆمان:
ئەمساڵ لە سنوورى باڵەکایەتى پێنج هەزارو 308 تەن، میوەى جۆراوجۆر بەرهەم هاتووە، بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى چۆمانیش دەڵێت: ” بەرهەمى سێو بەرەو کەمبوونەوە دەچێت”.
دڵشاد حوسێن، بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى چۆمان، بە زارى کرمانجى ڕاگەیاند: ”ئەمساڵ لە سنوورى قەزاى چۆمان نزیکەى پێنج هەزارو 308 تەن، میوەى جۆراوجۆر بەرهەم هاتووە، لەوانە ( ترێ، هەنار، خۆخ، هەرمێ، قەیسى، هەنجیر، گێلاس، هەلوژە، گوێز )، تەنیا بەرهەمى سێو بەرەو کەمبوونەوەیە، لەبەر ئەوەى نرخەکەى کەمە”.
ئاماژەى بەوەشکرد، ئەمساڵ بەرهەمى میوەکان بە بڕی تەن بە نزیکەیى بەو شێوەیە بووە، ترێ ٧٥٠ تەن، هەنار ٦٧٥ تەن، خۆخ ٨٢٥، قەیسى ٧٨٠، هەرمێ ٩٨، هەنجیر ٨٠، گیڵاس ١٢٥، هەڵوژە ٢٥ تەن و گوێز هەزارو ٩٥٠ تەن بووە”.
زیاتر روونیکردەوە، ” بە گشتى هەزارو 995 باخى میوەى جۆراجۆر لە سنوورى قەزاى چۆمان هەیە، بەڵام تا ئێستا هەمووى نەهاتووەتە بەرهەم کە پێکهاتوون لە ٣٩٠ باخى ترێ، ٣٦٠ باخى هەنار، ٢٤٠ باخى خۆخ، ٢٦٥ باخى قەیسى، هەرمێ ١٢٠باخ، ٩٠ باخى هەنجیر، ٥٠ باخى گێلاس، ٣٠ باخى هەڵوژەو ٤٥٠ باخى گوێز”.