مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سوپای ئیسرائیل ئاماری سەرەتای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەكانی بۆ سەر لوبنان بڵاو كردەوە و ڕاگەیاند لەو ئۆپەراسیۆنەدا 440 چەكداری حیزبوڵڵا كوژراون و بە دەییان تونێل لە نێو براون و دەست بەسەر سەدان پارچە چەك و بڕێكی زۆر لە تەقەمی حیزبوڵڵادا گیراوە .
لیوا هێرزی هالێڤی، سەرۆكی ئەركانی سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیاندراوێكدا گوتی پێویستە كارێكی وا بكەین ڕێگا نەدەین ماوەی پشوودان بۆ چەكدارانی حیزبوڵڵا بهێڵینەوە .
هاوكات سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێزەكانی لیوای كۆماندۆ و یەكەی نوخبەی (یەحالۆم) چەند تونێلێكی حیزبوڵڵایان لە باشووری لوبنان ڕووخاندووە كە چەكدارەكانی بۆ نزیكبوونەوە لە سنووری ئیسرائیل بەكاریان دەهێنا.
دانیال هەگاری گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی دا، ڤیدیۆیی تونێلێكی حیزبوڵڵای بە درێژایی 250 مەتر نیشان دا كە هێزەكانیان بە دووری 300 مەتر لە سنووری ئیسرائیلەوە دۆزییانەوە.
هاگاری گوتی: “بڕیار بوو چەكدارانی حیزبوڵڵا ئەم تونێلە لە هێرشێكی (ئەگەری) بۆ سەر شارۆچكەكانی جەلیل كەڵك وەربگرن.”
ئەوەشی گووت “سەربازەكانمان چەندین كۆگای ژێر زەمینی پڕ لە چەك و بنكەی چاودێری و شوێنی هەڵدانی مووشەكیان لە گوندەكانی باشووری لوبنان دۆزییەوە و لەناویان بردن.”
لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا هەگاری ئاماژەی بەوەش زیاتر لە ٤٤٠ چەكداری حیزبوڵڵای لوبنان لە دەستپێكی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەكانی باشووری لوبنان كە لە ڕۆژی دووشەممەوە دەستی پێكردووە كوشتووە.