زاری كرمانجی – سۆران :
ڕەجەب تەییب ئەردۆغان ڕایگەیاند، پلانێكی گڵاو بۆ داڕشتنەوەی سنوورەكانی جوگرافیاكەمان هەیە، حەماس و حیزبوڵڵا، یەمەن و سووریا تەنیا بیانوون.
ئەردۆغان، لە میانی كۆبوونەوە لەگەڵ ڕێكخستنەكانی پارتەكەی لە ئیستەنبوڵ، وتارێكی پێشكەش كرد و ئاماژەی بەوە كرد نیاز و ئامانجی ئیسرائیل ڕوون و ئاشكرایە.
ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، گوتی “زۆر بەڕوونی ناچارم ئەوە بڵێم، پلانێكی گڵاو بۆ داڕشتنەوەی سنوورەكانی جوگرافیاكەمان هەیە، حەماس و حیزبوڵڵا، یەمەن و سووریا تەنیا بیانوون”.
ئەردۆغان باسی لەوەش كرد كە ئیسرائیل هەر ڕۆژە و هۆكارێكی نوێ بەرهەم دەهێنێت و گوتی “ئێمە دەتوانین مەزەندەی ئەوە بكەین ئەگەر ناتانیاهۆ ڕانەگیرێت، ئەم سیاسەتی فراوانخوازییەی دەگاتە كوێ .”
سەرۆككۆماری توركیا دەشڵێت كە ڕێگە نادەن ئاسایشی وڵات و گەلەكەیان لاواز بێت و بۆ ئەو مەبەستەش پلان بۆ جموجۆڵەكانیان دادەنێن.
ئەردۆغان دوێنێش لە كۆبوونەوەیەكی تردا ڕاگەیاندبوو كە چاوپۆشیی لەوە ناكەن جارێكی دیكە لە ڕێگەی سایكس پیكۆیەكی نوێوە، جوگرافیاكەیان پارچە پارچە بكرێت.