زارى کرمانجى-سۆران:
کازم فەرتوسی، گوتەبێژی کەتیبەکانی حزبوڵلای عێراقی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئێکس” لە پۆستێکدا ڕایگەیاندووە: “ئەگەر شەڕی وزە هەڵگیرسێت، جیهان بێبەش دەکەن لە 12 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە کە لە کەنەداوەوە تێدەپەڕێت“.
فەرتوسی ڕاشیگەیاند “دەستووری عێراقی ڕێگرییان لێ ناکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژیەکانی ئیسرائیل، هەروەها جیهان لەبەردەم دوو هەڵبژاردەدایە یان ئەوەی هەمووان سوود لە وزە وەربگرن یاخود کەس سوودی لێ وەرنەگرێت“.
ئەم قسەکانی کەتیبەکانی حزبوڵلای عێراقی لە کاتێکدایە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەنگۆی ئەگەری هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە لە مێدیاکان بڵاو کرایەوە.
لای خۆیەوە کەناڵی 13ی ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، دوای سێ ڕۆژ لە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ئەنجوومەنی وەزیرانی سیاسی و سەربازی ئیسرائیل بڕیاریدا وەڵامی هێرشەکانی ئێران بداتەوە و دامەزراوە نەوتییەکانیشی وەک بژاردەیەکی وەڵامدانەوەکە دیاریکردووە.
































































