محەممەد مەحموود – سۆران :
بە پێی نووسراوێكی بەشی ژینگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر، كە ئاراستەی پەروەردەكانی سنووری پارێزگای هەولێر كراوە، لە پێناو سەلامەتی و تەندروستی قوتابییان باس لەو خواردن و خواردنەوانە دەكات كە ڕێگە پێدراو نین لە فرۆشگەی قوتابخانەكان بفرۆشرێن، خواردن و خواردنەوەكانیش ئەمانەی خوارەوەن.
ئەو خواردن و خواردنەوانەی نابێت لە فرۆشگەی قوتابخانەكان بفرۆشرێن
خواردنەوە گازییەكان جگە لە فرۆشگەی قوتابخانە ئامادەیییەكان.
خواردنەوە گازییەكان بە هەموو جۆرەكانییەوە ڕێگە پێنەدراون.
جبسی ڕەنگاوڕەنگ و هەموو جۆر و شێوەكانی.
سۆسەج، سماق و لێموندزی و بنیشت و تەمەر هیندی، نانی قەیسی مەساسە، چەرەزات بە هەموو جۆرەكانی، شیرەمەنی پاقلاوە و كونافە، جەلیەكان بە هەموو جۆرەكانەوە.
هەر بەپێی نووسراوی بەشی ژینگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پەروەردەی هەولێر كە بۆ پەروەردەكانی سنووری پارێزگای هەولێر نێرراوە تێیدا ئاماژە بەو خواردن و خواردنەوانەش كراوە كەوا ڕێگە پێدراون بفرۆشرێن لە فرۆشگای قوتابخانەكان بەم جۆرەی خوارەوە:
ئەو خواردن و خواردنەوانەی رێگه پێدراون لە فرۆشگەی قوتابخانەكان بفرۆشرێن
میوەی وشككراو و داپۆشراو، شەربەتی لە قوتوو كراوی كەم شەكر، ئاوی بوتڵ، هەموو جۆرە بسكویتێكی داپۆشراو، شیری كەم چەور، نان و ماست و پەنیر، ئەگەر شوێنی دانیشتن هەبێت، لەفەی سینگی مریشك، فەلافل، هێلكەی كوڵاو و نۆك، بە مەرجێك ڕۆنەكەی پاك بێت و ڕۆژانە بگۆڕێت، نان و سەموون لەناو كیسی پاك دانرابێت ، جبس بە مەرجێك پەتاتەی سادە و سروشتی بێت و دەرمانی بۆ بەكار نەهاتبێت.