زاری كرمانجی – سۆران :
دوای هێرشەكانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، پێشبنی بەرفراوان بوونی گرژی و ئاڵۆزییەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئارادایە.
لەم چوارچێوەیەشدا وڵاتانی زلهێزی جیهانیش مەترسیی روودانی جەنگێكی گشتگیر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەن و داوا دەكەن هەر دوولا دان بەخۆیاندابگرن.
سەرۆكی ئەمریكا داوا لە ئیسرائیل دەكات بیربكاتەوە پێش ئەوەی وەڵامی هێرشە مووشەكییەكەی ئێران بداتەوە و دەڵێت” پێویستە دامەزراوە نەوتیەكانی ئێران نەكاتە ئامانج.”
جۆبایدن سەرۆكی ئەمریكا، لە میانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە لە كۆشكی سپی بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند” هێشتا ئیسرائیلییەكان بڕیاریان لەبارەی وەڵامدانەوەی ئێران نەداوە.”
وتیشی” ئەگەر من لە شوێنی ئەوان بوومایە، بیرم لە بەدیلێكی دیكە دەكردەوە جگە لە لێدانی دامەزراوە نەوتیەكانی ئێران.”
بایدن دەشڵێت” هیچ ئیدارەیەكی پێشووی ئەمریكا وەك ئیدارەی ئێستای یارمەتی ئیسرائیلی نەداوە.”
سەرۆكی ئەمریكا ئەوەشی خستەڕوو، واشنتن پلانی هەیە سزای زیاتر بە سەر كۆماری ئیسلامی ئێراندا بسەپێنن.
ڕۆژی 1ی ئەم مانگە، كۆماری ئیسلامی ئێران بەهەڵدانی زیاتر لە 200 موشەكی بالیستی هێرشیكردە سەر ئیسرائیل و وتی” هێرشەكە لە وەڵامی كوژرانی ئیسماعیل هەنییە و حەسەن نەسروڵڵا بووە.”