مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەرپرسانی پێنتاگۆن ڕایانگەیاند كۆمەڵێك سەرباز و چەك و چەند كەشتییەكی فڕۆكە هەڵگر و هێرشبەر و فڕۆكەی جەنگی دەنێرێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست .
لەگەڵ فراوانبوونی ناكۆكی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنانی و، هێرشی ئاسمانی و وشكانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، بەرپرسانی پێنتاگۆن لە كۆبوونەوەیەكدا بڕیاری زیادكردنی هێزەكانی ئەمەریكای دا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕایگەیاند “بۆ ڕێگریی لە فراوانبوونی شەڕ، بڕیارە كەشتیی فڕۆكە هەڵگر، كەشتی تێكشكێنەر، مووشەكی ئاراستە كراو، هەروەها كەشتی هێرشبەر و فڕۆكەی جەنگی، سەرباز و چەكی پێویست دەنێرینە ناوچەكە.”
جۆو بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا لە ڕاگەیاندراوێكدا جارێكی تر پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ ئیسرائیل دووپات كردەوە و ڕاگەیاند “چەك و هێزی دەریایی ئەمەریكا هاوكاری و پشتیوانیی لە ئیسرائیل دەكات، لەگەڵ پاراستنی هێزەكانمان لە بنكە سەربازییەكانی ناوچەكە.”
هاوكات دانا سترۆل بەرپرسی پێشووی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پێنتاگۆن قسەی بۆ میدیاكانی ئەمەریكا كرد و گووتی “ئەگەر هەر وڵاتێك دەستوەردان بكات، بەرپەرچی دەدەینەوە و پشتیوانی و بەرگریی لە ئیسرائیل دەكەین.”
































































