سۆران سرێشمەیی_خەلیفان :
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بڕیاریدا بە جێبەجێكردنی كۆمەڵێك پرۆژەی خزمەتگوزاری جۆراوجۆر بۆ ناحیەی خەلیفان. گرنگترینیان قیرتاوكردنی ڕێگای گوندی (ساوا)یە تا پردی(بێكێ)
بەڕێوەبەری ناحیەكەش تەكید لەوە دەكاتەوە پرۆژەی تریش بۆ دانیشتووانی سنووری ناحیەی خەلیفان ئەنجام دەدرێن.
لە میانەی كۆبوونەوەی لەگەڵ تیمی ئەندازەی پرۆژەكان، هەڵگۆرد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران. بڕیاریدا بەجێ بە جێكردنی ژمارەیەك پرۆژەی جۆراوجۆر لە قەزای ناوەندی سۆران و بەشێك لە ناحیە و گوندەكانی سنووری ئیدارەی سۆران. كە خۆی دەبینێتەوە لە ئامادەكردن و قیڕتاوكردنی ڕێگا و شەقامەكان و كۆنكریتكردن و چاككردنی چەند كۆڵانێك. هەروەها دانانی بۆڕی لوولەیی بۆ ئاوەڕۆكان و ڕاكێشانی بۆڕی ئاوی خواردنەوەی ماڵان بۆ چەند گوند و گەڕەكێك. دیارە كە ناحیەی خەلیفانیش لەم پرۆژانە بێبەش نەبووە بە پێچەوانەوە ژمارەیەك پرۆژەی جۆراوجۆر لە سەنتەری شار و بەشێك لە گوندەكانی جێبەجێ دەكرێن.”
لەمبارەیەوە هەڵكەوت وەڵاشی بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان بە وەكالەت بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” ئەو پرۆژانەی لە كۆبوونەوەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران بۆ سنووری ناحیەكەمان بڕیاری جێبەجێ كردن و كاركردنی لەسەر دراوە، بریتین لە قیرتاوكردنی ڕێگای گەڕەكی شەهیدان و شەقامی ناوەندی وەرزش و لاوان لە گەڕەكی بناری كۆڕەك و قیرتاوكردنی ڕێگای گوندی ساوا تا پردی بێكێ. هەروەها كۆنكرێت كردنی چەند كۆڵانێك لە گوندی سرێشمە و گەڕەكی بیاویان لە سەنتەری شارەدێی خەلیفان.”
وەڵاشی دەشڵێت:” لە پلانی ئیدارەی سۆراندایە لە داهاتووشدا چەند پرۆژەیەكی تری خزمەتگوزاری لە سێكتەرە جیاوازەكان لە سنووری ناحیەی خەلیفان بڕیاری جێ بەجێكردنیان بۆ دەربچێت، بۆ ئەم مەبەستە چاوەڕوانی بڕیاری سەرپەرشتیاری ئیدارەین و دڵنیای دەدەم لە سەرجەم گرفت و كێشەكان بە پێی بەرنامە و پلان هەنگاوی بۆ دەنرێت و پرۆژەی تریش بەڕێوەن بۆ دانیشتووانی سەنتەری ناحیە و گوندەكانی دەوروبەری.”