محەممەد مەحموود- سۆران :
یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە بۆنەی رۆژی جیهانی مامۆستایان لە پەیامێکی لەو یادە بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە “ڕۆژی مامۆستایان لەهەموو لایەک پیرۆزبێت، رۆژی 5ی10 به ڕۆژی جیهانی مامۆستایان و ڕۆژی 6ی10 بە ڕۆژی مامۆستایانی کوردستان ناسراوە، بەم بۆنەیەوە رێكخراوی پەروەردەی نێودەوڵەتی داوا لە حكومەتەكان دەكات كە گرنگی بەبەهای مامۆستایان بدەن، هەروەها یەكێتی مامۆستایانی كوردستان رۆڵی مامۆستایان بەرز دەنرخێنێت و جەخت لەسەر داواكاریی و مافەكانی مامۆستایان دەكاتەوە.
مامۆستایان و هەڵگرانی چرای زانست و زانیاری.. ڕێکخراوی پەروەردەی نێودەوڵەتی کە گەورەترین رێكخراوی جیهانییە بۆ داكۆكیكردن لە مامۆستایان بەم بۆنەیەوە داوا لەسەرجەم وڵاتان دەكات كە گرنگی بە دەنگ و بەهای مامۆستایان بدەن و وەبەرهێنان لە پیشەی مامۆستایان بكەن و كوالێتی پەروەردەی گشتی بەرەوپێش ببەن.
هەر بەم بۆنەیەوە دروشمی (بەهادان بە دەنگی مامۆستایان و بەرەو گرێبەستێكی كۆمەڵایەتی نوێ بۆ پەروەردە) هەڵگرتووەو ئەم دروشمەش گوزارشت لە پێویستی پاڵپشتیكردنی مامۆستایان دەكات لەرێگەی باشتركردنی بارودۆخی كاركردنیان و بەشداریكردنی كاریگەرانە لەبڕیارەكانی پەیوەست بە پرۆسەی خوێندن.
هەر بەم بۆنەیەوە یەکێتی مامۆستایانی كوردستان جەخت لەسەر داواكاریی و مافەكانی مامۆستایان دەكاتەوە”. هەروەكو لەدەقی بەیاننامەی یەكێتی مامۆستایانی كوردستاندا بەبۆنەی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن هاتووە كە داوادەكات:- 1-چارەسەركردنی كێشەی مووچە و پێدانی بەشێوەیەكی مانگانە لەكاتی خۆی.
2-داواكارین بەزووترین كات پلەبەرزكردنەوە مامۆستایان و فەرمانبەران دەستپێبكاتەوە.
3-وێرای پیرۆزباییمان لە مامۆستایانی وانەبێژ بەبۆنەی بوونیان بە مامۆستای گرێبەست داواكاریشین كە بەیەكجاری بەهەمیشەیی بكرێن.
4-هەموو هەولێك بدرێت بۆ ئەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانیش لەهەموو ئەو پێشینانەی لە بانقە فەرمییەكان دەدرێت لێیەوە سوودمەند بن.
5- بەزووترین كات زەوی بەسەر مامۆستایان و فەرمانبەران دابەش بكرێت و راستەوخۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆیان.
لەكۆتاییدا جوانترین پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی سەرجەم مامۆستایانی جیهان بەگشتی و مامۆستایانی کوردستان بە تایبەتی دەکەین و رۆڵی مامۆستایان لە پێگەیاندنی نەوەکانی گەلی کوردستان بەرز دەنرخێنین.
یەکێتی مامۆستایانی کوردستان . مەکتەبی سکرتاریەت

































































