زاری كرمانجی-سۆران
وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات، هەر دەنگدەرێك چوار هەڵە هەیە بیانكات لەكاتی دەنگدانی گشتی یان تایبەت، ئەوا دەنگەكەی هەژمار ناكرێت و كارتەكەشی بە پووچەڵ مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.
جومانە غەلای، وتەبێژ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند: “لە ڕۆژی دەنگدان كە وابڕیارە لە 20/10/2024 بەڕێوە بچێت، هەر دەنگدەرێک لەناو كابینەی دەنگداندا هەستێت بە دیاریكردنی زیاتر لە لایەنێكی سیاسی یان هاوپەیمانییەك یاخود بەربژێرێكی تاك ئەوە دەنگەكەی هەژمار ناكرێت و كارتی دەنگدانەكەی بە پوچەڵ هەژمار دەكرێت بۆیە دەبێت دەنگدەر تەنها یەك لیست یان هاوپەیمانی و یاخود بەربژێری تاك هەڵبژێرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، هەر دەنگدەرێكیش نیشانە بدات لە ژمارەیەك كە لەو لیستەی دیاریكردووە بوونی نەبێت ئەوا ئەویش بە پووچەڵ هەژمار دەكرێت، واتە دەبێت ژمارەی ئەو كاندیدە دیاری بكات كە لەناو هاوپەیمانی یان لیستی حزبەكەدا بوونی هەیە.
وتەبیژەكەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، جگە لەو پێنووسەی كە لەناو كابینەی دەنگدان هەیە هەر دەنگدەرێك هەر جۆرە پێنوسێكی دیكە بەكار بهێنێت لەكاتی دەنگدان ئەوە دەنگەكەی هەژمار ناكرێت، هاوكات ئەگەر دەنگدەرێكیش هیچ كاندید و لایەنێكی هەڵنەبژارد و كارتی دەنگدانەكەی بە سپێتی خستە سندوقی دەنگدان، ئەو دەنگەش بە پووچەڵ هەژمار دەكرێت.
































































