ئامادەكردنی:
مستەفا جرجیس مزوری
قوتابی لە زانكوی سوڕان فاكەلتی پەروەردە بەشی بیركاری قوناغی سێیەم
بەهرەمەندی وەرزشی لە هەموو وەرزشە جۆراوجۆرەكاندا دادەنرێت بە پاڵنەر و كۆڵەكەی سەرەكی ڕەوڕەوەی كرداری بەرەو پێشچوون و گەشەسەندنی وەرزشی ناوخۆی بەرە و ئاسۆیەكی گەشتر لەسەر گۆڕەپانی وەرزشی لە هەرێم و جیهاندا.
تەنها لەوڕێگایەوە دەتوانین كۆڵەكەیەكی وەرزشی تەندروست پێكبهێنین كە توانا و ئاستێكی بەرزی ململانێی وەرزشی هەبێت وە بتوانین پشتی پێببەستین لە پاڵەوانێتی و پێشبڕكێكاندا كە لە ئاستی چاوەڕوانی ئاواتەكانماندا بێت بۆ بینینی پاڵەوان و پاڵەوانێتی بەێز هەر هیچ نەبێت لە ئاستی خولەكانی ووڵاتانی دەوروبەرماندا بێت.
وەرزشكاری بەهرەمەند لەم ڕۆژگارەدا كەسانێكی دەگمەنن لە هەرێمی كوردستاندا كە كارێكی گرانە لە ئێستادا بەردەوام لەم جۆرە وەرزشكارانە بە ژمارەیەكی زۆر و ئاستێكی بەرزەوە لە یاریگاكاندا ببینین كە لەم نوسینەدا قورسە هۆكارەكانی بە سادەیی بخرێتە ڕوو.
بەڵام لە كاتی ئێستادا هەندێك ئاماژەی ڕوون و ڕاست لەبەردەستماندایە كە پێمان دەڵێت وەرزش لەم هەرێمەدا لە بۆشاییەكی گەورەدایە كە دەبێت لێرەدا دەست بخەینە سەر هەندێك لەو ڕیگا چارەسەرە زانستیانە بۆ بەدەستهێنانی ئەو بەهرە و توانا وەرزشیانەی كە لەنێو گەنج و لاوی ئەم وڵاتە هەیە لە داهاتودا بە گشتی لە سەرجەم یاریەكاندا و بەتایبەتی ئەو یاریانەی كە خاوەنی جەماوەرێكی زۆرن كە ئەمەش پێویستی بە هەڵوێستەیەكی ڕاستی بەرپرسانی وەرزشی و بەرپرسانی ووڵات هەیە بۆ جوڵاندنی ئەو گۆمە مەنگە كە ئەمە كارێكی زۆر گرنگ دەبێت ، وە دڵنیام گشتان لەگەڵمدا یەكانگیرن كە بەهرە و توانا وەرزشیەكان شاخوێنبەری ڕەوڕەوەی بەرەوپێشچونی وەرزشە كە بەبێ وەرزشكاری بەهرەمەند قورسە دەرچوون لەم چەقبەستوییەی وەرزش لە ئەمڕۆدا.
لێرەدا پێویستە لەسەر لێپرسراوانی وەرزشی هەوڵەكانیان چڕبكەنەوە بۆ زیاتر دەستەبەرخستنی بەهرە وتوانا وەرزشیەكان لە وەرزشی كوردستاندا بە ئامانجی بەرەو پیشبردنی وەرزش و گەیاندنی بە ئاستێك كە لە چاوەڕوانی وەرزشكاران و جەماوەری وەرزشیدا بێت ، وە بە پێچەوانەوە ئەو هەنگاوانەی تا ئێستا نراوە بۆ بەرەوپێشچونی ئاستی وەرزشی كوردستانی سوودێكی ئەوتۆی نەبووە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا تەنها چەند وەرزشكارێكی بەهرەمەند كەم دەبێنین لە پاڵەوانێتێكاندا كە ئەمەش ناگاتە ئەوەی ئاستی وەرزشی كوردستانی بەرەوپێشببات وە ئاستی خولەكانی كوردستان شاهیدی ئەو ڕاستیەن لەگەڵ ڕێزم بۆ هەندێك لە تیم و یاریزانان ، وە خوازیارم لە لێپرسراوان و بڕیاربەدەستانی وەرزشی كە پێداچوونەوەیەكی جدی بكەن بە بەرنامە و پلانی بەرەوپێشچوونی وەرزشدا چونكە ڕۆژگار دەریخستووە كە ئەو هەوڵانەیان تا ئێستا داویانە جێگای خۆی نەگرتووە یان سەركەوتوو نەبوە.
وەرزشكاران ولێپرسراوانی وەرزشی بەڕێز : لە ئێستادا لەگەڵ بوونی كۆمەلێك وەرزشكاری بەتوانا و ئەستێرە لە بوارە جیاجیاكانی وەرزشدا كە لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق و نێودەوڵەتی پێشبڕكێ دەكەن بەڵام بە وازهێنانیان هەمووی دەڕەوێتەوە و وون دەبێت كە لێرەدا ئەو پرسیارە دەوروژێت كە ئایا لە كاتی دوركەوتنەوە یان وازهێنانی ئەو وەرزشكارە بەهرەمەند وئەستێرانەدا چۆن جێگایان پڕ دەكرێتەوە كە لە ئێستادا كارێكی گرانە ،ئایا هۆكارەكەی پەروەردەیەكی وەرزشی هەڵەیە كە وەرزشكاری پاڵەوان یان بەهرەمەند لەسەری پەروەردە دەكرێت یان بەهۆی ئەو ستەمەیە كە لەڕووی داراییەوە لێیان دەكرێت ، كە ئەمە وادەكات كە وەرزش یەكێك لە كۆڵكە سەرەكیەكانی لە دەست بدات كە ناسراوە بە ڕۆحی وەرزشی.
ئایا بۆچی شكست دەهێنین لە بەدەست هێنانی چەندین پاڵەوان و ئەستێرەی بواری وەرزش؟
وە ئایا چۆن ئەتوانین پاڵەوان دروست بكەین كە ئەنجامی بەرز بەدەست بهێنێت لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی بۆ گەلەكەمان؟
لەسەرەتادا ئەمەوێت ڕاو بۆچوونی شارەزایان لەم بوارەدا بخەمە ڕوو كە دەڵێن بۆ ئەوەی وەرزشكار ببێت بە پاڵەوان نابێت توشی غرور ببێت ، ڕاستە كاتێك وەرزشكارێك داهێنان ئەكات ئەمە جیای دەكاتەوە و لە بوارەكەیدا دەدرەوشیتەوە ،بەڵام كە وەرزشكار لە بوارەكەی خۆیدا سەركەوتوو بوو ئەبێت ئەوەش بزانێت كە كەسانێكی تر لە بوارێكی تردا سەركەوتون تەنها هەر ئەو نیە كە سەركەوتووە ، وە بۆ ئەوەی ئەو پاڵەوانە وەرزشكارە هەموو كاتێك لە دڵمانا بمێنێتەوە پێویستە كۆمەلێك وەرزشكاری بەتوانا لە دوایەوە هەبن تا لە ناویاندا بدرەوشیتەوە نەك بەتەنها بە غرورەوە بمێنێتەوە كە لە بێرەوەریماندا نەمێنێتەوە.
وە تەنها ڕێگای دروست كردنی پاڵەوان دەبێت لە ڕێگای دۆزینەوەی پێشوەختەوە بێت بۆ بەهرەداران (واتا لە منداڵدا بەهرەمەند بدۆزرێتەوە) ،وە لە دوای ئەوە لێپرسراوێتی كۆمەڵایەتی ئەكەوێتە سەر خێزان و پەروەردەی خێزان لە ڕێگای بەدواداچوون و ڕێنمای كردن و ئاڕاستەكردن بە شێوەیەكی دروست،دروست كردنی پاڵەوان پێویستی بە تێكهەڵكێشبونی پەیوەندیە كۆمەڵایەتەكان هەیە لە سەرەتادا، توێژینەوەیەك لەم بوارەدا هەیە كە باسی لە دۆزینەوەی پێشوەخت دەكات لە پاڵەواناندا كە توێژینەوەیەكی ئەكادیمیە كۆمەڵێك زانای بەتوانای ئەم بوارە بەشداریان تێدا كردووە كە داوایان كردووە كە بازنەیەكی پەیوەندی دروست بكرێت لە نێوانیاندا وە هەموو دێ و لادێ و شارۆچكەكان بگەرێن بۆ ئەوەی پاڵەوانی ڕاستەقینە بدۆزرێتەوە لە بوارە وەرزشیەكاندا ئەویش لە ڕێگای چاودێری كردن و تاقیكردنەوەی ئەو كەسانەوە دەبێت .
دروست كردنی پاڵەوانی وەرزشی لەڕێگای پاڵپشتی كردن و هاندانەوە دەبێت وە ڕاستگۆ بن لەگەڵیاندا ، وە پێویستە لەسەر وەزشكار ئەوە بزانێت كە هەر ئاستێكی وەرزشكردن جیاكەرەوە و گەشەسەندنی خۆی هەیە بۆ ناساندن بە دەوروبەر ،وە ناسینی وەرزشكار یان پاڵەوان بەس نیە بۆ ئەوەی كە ئیتر واز بهێنت لە وەرزش و لە ماڵەوە دانیشێت بەڵكو دەبێت بەردەوام بێت لە بواری ڕاهێنان و دروست كردنی نەوەیەكی تر لە وەرزشكار و پاڵەوان لەو كاتەدا پەیامەكەی دەگات و ئەبێت بە پاڵەوانێكی ڕاستەقینە كە لە دڵی هەمووماندا دەمێنێتەوە .
لێرەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم كە پێویستە بۆ پێگەیاندنی پاڵەوان دەبێت لە منداڵیەوە دەست بكات بە وەرزش ،دەبێت زانیاری پێبدرێت لەسەر فەلسەفەی وەرزش و گرنگی توانای جەستەیی لە ژیاندا و وە یەكێك لە پێكهێنەرەكانی پاڵەوان ڕەوشتی بەرزە لەبەر ئەوە دەبێت وەرزشكار خاوەن ڕەوشتێكی بەرز بێت و ئارام و لەسەرخۆبێت.
یەكێك لە پرۆفیسۆرە كان بەناوی ستیڤن بای لە زانكۆی ڤیكتۆریا وە ڕاوێژكاری یەكێتی ئینگلیزی و یەكێتی ئێرلەندی بۆ تۆپی پێ و یەكێتی ئوسترالیا بۆ یاری رەكبی تیشك دەخاتە سەر ئەوەی كە زۆر گرنگە گرنگی بدرێت بە پلانی ماوە درێژ بۆ گەشەپێدانی وەرزش و وەرزشكاران وە كاریگەری بواری فسیۆلۆجی و ژینگەی و دەرونی وجەستی و كەسێتی و كارامەیی لەسەر توانا و كارامەیی وەرزشكاران ، وە بەتایبەتی سێ بواری گرنگ لە كرداری دروست كردنی وەرزشكارو پاڵەواندا هەیە لە سەرجەم وەرزشەكاندا ئەوانیش وەرزشی قوتابخانە و وەرزشی هەڵبژاردە(نخبە) و وەرزشی خۆشیە(ترویح)ە ، وە ئەو زانایە دوپاتی دەكاتەوە لە گرنگی پەیوەند ئەم سێ بوارە بە یەكەوە وە هەڵسوكەوت كردن لەگەڵیدا بە یەكەوە وە ڕای دەگەیەنێت كە یەكێك لەو كێشە و بەربەستانە كە ئێستا یەكێتیە وەرزشیەكان و یانەكان پێوەی دەناڵێنن نەبوونی هاوسەنگیە لە سەرپەرشتیكردن و رینوێنی كردنی ئەو سێ بوارەدا لەگەڵ دانەنانی كەسانی خاوەن توانا و ئەزموون لە بواری وەرزشیدا.
دكتۆر ستیڤ ڕەخنە دەگڕێت لەو كەمووكوڕیانەی لە بوارەكانی كارگێڕی لە یانەكان وهەڵبژاردەكاندا هەیە، وە ڕوونی دەكاتەوە كە خاوەن بڕیارەكان دەبێت زانیاریان هەبێت لەسەر پلان و بەرەوپێشچوونی درێژخایەن ، كە ببێتە هۆی دروستكردنی پاڵەوانێكی جهیانی كە بتوانێت مەدالیا بەدەست بهێنێت و پێشبڕكێی پاڵەوانە جیهانیەكان بكات ، وە ڕوونی دەكاتەوە كە دروستكردنی لەو جۆرە لە پاڵەوان پێویستی بە ١٠ ساڵ لە ڕاهێنانی بەرنامە بۆ دارێژراو هەیە ، وە لیژنەی ئۆڵۆمپی ئەمەریكی توێژینەوەیەكیان كردووە گەشتوون بەو دەرئەنجامەی كە پێویستیان بە ١٠ ساڵ هەیە بۆ ئەوەی پاڵەوانێكی جیهانی دروست بكەن لە كاتێكدا پێویستیان بە ١٢ ساڵە بۆ ئەوەی ئەو پاڵەوانە میدالیای ئاڵتونی بەدەست بهێنێت لەسەر ئاستی جیهان .
وە هەندێك لە شارەزایان هۆكاری ئەوەی كە یاریزانانی ئێستا زوو وون دەبن دوای وازهێنانیان ،دەیگەڕێننەوە بۆ ئەوەی كە نەیان توانیوە جێگە پەنجەی خۆیان بەجێ بهێڵن چونكە وەرزشكار دەبێت ڕێنیشاندەر بێت وە لە یەكێك لە سەرژمێریەكاندا دەركەوتووە كە وەرزشە تاكەكان پاڵەوانی ئاست بەرزیان تێدایە بەڵام لەلایەن خەڵكەوە گرنگی پێ نادرێت وەك چۆن گرنگی بە تۆپی پێ دەدرێت.
لێرەدا گرنگی وەرزش و چالاكی قوتابخانەكان دەردەكەوێت كە دادەنرێت بە ڕێگایەكی كاریگەر بۆ دروست كردن و پەروەردەی وەرزشی تازە پێگەشتوو ،لێرەدا گرنگی بەرزكردنەوەی ئاستی وەرزشی قوبخانەكان دەردەكەوێت كە دەبێتە ڕیگایەك بۆ گەشتن بە ئاست و پاڵەوانێتیە جیهانیەكان ئێمە لێرەدا نابێت گلەیی لە مامۆستایان و بەڕێوەبەرانی وەرزشی قوتابخانەكان بكەین چونكە دڵنیام ئەوان ئاواتە خوازن كە پشتگیری بكرێن و بایەخیان پێ بدرێت چونكە ئەوانە بڕبڕەی پشتی وەرزشی و چالاكی قوتابخانەكانن .
لەبەر ئەوە پشتگوێ خستنی وەرزشی قوتابخانەكان وە دورخستەوەی لە ڕێڕەوی چالاكی وەرزشی قوتابخانەكان لە جیهاندا كارێكی نەخوازراوە و كە كۆمەڵێكی زۆر لە توانا وبەهرەی گەنجان بە هەدەر دەڕۆن لە قوتابخانەكاندا ، لەبەر ئەوە پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەكان هەر لە وەزارەتی پەروەردەوە وە هەموو یەكە كارگێڕیەكان كە پەیوەندیان بە وەرزشی قوتابخانەكانەوە هەیە هەموو تواناكانیان بخەنە گەڕ بۆ گەشەپێدانی وەرزش و چالاكی قوتابخانەكان بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ بەرەوپێشچوونی جومگەكانی وەرزش لە هەرێمی كوردستاندا.
ئەمجامدانی وەرزشە جۆراوجۆرەكان لە قوتابخانەكاندا وە بەردەوام ئەنجامدانی چالاكی وەرزشی لە یاریگاكاندا ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە كاریگەری دەكاتە سەر ژیانی خوێندكار وە تەنانەت دەستەی وانەبێژان و كاڕگیڕی قوتابخانەكان لە جیاتی ئەوەی قوتابیان بەرەو ئاراستەی ئەنجامدانی هەندێك هەڵسوكەوتی نا تەندروست ببرێن بە پێچەوانەوە بوونی چالاكی قوتابخانە دەكات بە شوێنێكی تەندروست بۆ وەرزشی قوتابخانەكان و بێچوەشێران لێوەی دەربكەون .
لە جهیاندا بناغەی وەرزش چالاكی وەرزشی قوتابخانەكانە كە دادەنرێت بە بناغەی یەكەم بۆ گەشەكردنی وەرزش وە وەرزش ناچێتە سەر ئاڕاستەی ڕاستی خۆی تا پشتنەبەسترێت بە وەرزشی قوتابخانەكان وچونكە فێربوونی جووڵەی سەرەتایی دەست پێدەكات لە منداڵەوە بۆ ئەوەی جوڵە سەرەتاییەكان فێرببێت وە وتەیەك هەیە دەڵێت فێری بكە لە مناڵیەوە بۆ ئەوەی وەك نەخشی سەر بەرد دەربچێت ، وە لەبەر ئەوەی پاڵەوانێتیەكان پشت دەبەستن بە قۆناغە جیاوازەكانی تەمەن وە پێویستە لەسەرمان كە بێچوەشێران و تازەپێگەشتوان و لاوان پێبگەیەنین بۆ ئەو ئاستانەی تەمەن لە پێشبڕكێكاندا ،وە لێرەدا بوونی كادری وەرزشی بەتوانا و پڕچەك بە زانستی پەروەردەی وەرزشی گرنگە بۆ ئەوەی بتوانێت نەوەیەكی وەرزشی تەندروست دروست بكات وە هەماهەنگی لەگەڵ مامۆستایانی پەروەردەی وەرزشی بكرێت بە كردنەوەی خولی پێگەیاندنی وەرزشی بۆ ئەوەی زانیاریان بدرێتێ لەسەر تازەترین بابەت و زانستە وەرزشیەكان بۆ پێگەیاندنی منداڵ وە ئەبێت مامۆستای وەرزش تواناكانی خۆی پێش بخات لەو بوارەدا بە مەبەستی پێگەیاندنی نەوەیەك لە وەرزشكاری بەهرەمەند.
هیواخوازم كە مامۆستای پەروەردەی وەرزشی وانەی وەرزش بە دڵسۆزیەوە بڵێتەوە وە كاتی تەواوەی پێبدات وە توێژینەوەكان جەخت دەكەنەوە لەوەی نزمبونەوەی ئاستی زانستی خوێندكار دەرئەنجامی پشتگوێخستنی وانەی وەرزشە كە ئەمەش بە شێوەیەكی نێگەتڤ بەسەر لایەنی دەرونی خوێندكاراندا دەشكێتەوە، لەبەر ئەوەی هەلێكی گونجاوە بۆ یەكتر بینین و بەیەكگەشتن و ئاڵوگۆڕی پسپۆڕی ، فێربوونی خووی تەندروست كە دەبێتە هۆی بەدیهێنانی هاوسەنگی دەرونی و سۆزەكی كە بەدوریان دەگرێت لە بە لاڕیدان كە ئەمە بە سوود دەگەڕیتەوە لەسەریان یارمەتیان دەدات لە خوێندن و بە دەست هێنانی ئەنجامی باش و دەبنە هاوڵاتیەكی تەندروست بۆ خۆیان و بۆ خێزانیان و كۆمەڵگاكەیان كە ئەمە ئەوە دەگەیەنێت كە وەرزشی قوتابخانە بناغەی سەرەكی پێشخستن و بەردەوامی بواری وەرزشە لە كۆمەڵگەدا.
ئەگەر بچینە ناو مێژووی وەرزشكار و پاڵەوانە جیهانیەكانەوە لە هەر یەكێك لە وەرزشە جۆراوجۆرەكاندا دەبینین كە سەرەتای دەستپێكردنی وەرزشیانەوە لە تەمەنێكی كەمەوە بوە یان باشتر بڵیم لە منداڵیەوە بووە بە تایبەتی لە قۆناغەكانی سەرەتای خوێندنیدا بووە وە لێرەدا بۆمان ڕوون دەبێتەوە كە قوتابخانە ئەكادیمیای یەكەمە بۆ دەركەوتنی ئەستێرە وەرزشیەكان كەتێیدا بەهرەمەندی وەرزشی دەستنیشان دەكرێت و هەڵدەبژرێت لە منداڵیەوە وە لە رێگای قوتابخانەوە ئەو تازە پێگەشتووە ئەتوانێت ئارەزووەكانی ئەنجام بدات لە ژینگەیەكی پاك و تەندروستدا ، كە دەتوانرێت پەرە بە تواناكانیان بدرێت لە هەموو قۆناغەكانی خوێندندا لە ڕیگای بەشداری كردنیان لە پێشبڕكێی قوتابخانەكاندا ، كە ئەوە ئێستا لە جیهاندا دەگوزەرێت كە بەهرەمەندەكان لە قوتابخانەكانەوە دەبەن بەرەو ئەستێرەیی وە بە دڵنیایەوە لە هەرێمی كوردستاندا چەندەها پاڵەوان دەبێنین كە لە قوتابخانەكانەوە سەریان هەڵداوە ، وە وەرزشی قوتابخانەكان دادەنرێت بە سەرچاوەی پێگەیاندن و بەروەپێشچونی وەرزش كە بە بڕبڕەی پشتی یانەكان و هەڵبژاردەكان دادەنرێت بە هۆی ئەوەی ئەو تازەپێگەشتوانە پێكهاتوون لە نەوەكانی دواڕۆژمان.
وە لێرەدا بۆ ئەوەی لە ڕۆڵی وەرزشی قوتابخانەكان و ئامانجەكانی تێبگەین ئەم چەند خاڵە دەخەمەڕوو:
- كۆمەڵێك چالاكیە كە لە قوتابخانەدا ئەنجام دەدرێت.
- وەرزشی قوتابخانە دەبێتە هۆی گەشەسەندنی توانای فێرخوازان و چەسپاندنی زیاتری كارامە وەرزشیەكانیان بەپێی ئەم پێوەرانە:- پێوەری پەروەردەی كۆمەڵایەتی ، جوڵە بۆخۆشی(ترفیهی) ، وەرزشی ، بەرەوپێشچوونی ئابووری ، تەندروستی و خۆپاراستن ، پەروەردەی خۆشویستنی نیشتمان.
- هەڵبژاردنی بەهرەمەندان لە خوێندكارە وەزشكارەكان لە كاتی بەشداریكردنیان لە پاڵەوانێتی و وەرزشیەكان بۆ بەشداریكردنیان لەگەڵ تیمی هەڵبژاردەی ووڵات بۆ بەشداری كردن لە پاڵەوانێتی وەرزشی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی .
- گەشەدان بە وەرزش لە ناوەندەكانی فێربوندا.
- ئامانجێكی تری وەرزشی قوتابخانەكان بەدەستهێنانی توانا جەستەیی و مێشكی و كۆمەڵایەتی و دەرونیەكان بۆ خوێندكاران كە هاوتەریبە لەگەڵ گەشەی خوێندكار بۆ ئەوەی بگونجێت لەگەڵ ژیاندا باكەمترین ئەرك و ماندوبوون.
Mstafa Mzure - رۆحی وەرزشی و كۆمەڵایەتی و كارامەكانی جوڵەی پێببەخشرێت ، كە وەرزشی قوتابخانەكان بە بناغەی پێشخستنی وەرزشە.
- دابینكردنی پێداویستەیە گرنگەكانی گەشەی جوڵەیی و خۆشی(ترویحی) پێویست بۆ قۆناغەكانی گەشەی خوێندكار.
- هاندانی خوێندكاران بۆ ئەوەی وەرزشی بەردەوام و ڕێكوپێك بكەن كە دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی تەندروستی جەستەیی و دەروونی.
- ئامادەكردنی خوێندكار بۆ ئەوەی وەرزشی بەردەوام و ڕێكوپێك بكات بۆ چەسپاندنی بنەما ڕاستەكانی جوڵەی وەرزشی و ئەو وەرزشەی ئەنجامی دەدات هەتا كۆتایی قۆناغەكانی خوێندنی قوتابخانە وەهەروەها خوێندنی زانكۆش.
- دۆزینەوەی پەیوەندیەكی دروست لە نێوان چالاكی وەرزشی قوتابخانەكان و یانە وەرزشیەكان بۆ ئەوەی سوود لە كەسانی خاوەن پسپۆڕ و بەشداری فراوانیان وەربگیرێت بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی وەرزشی بەرز.
- ڕێكخستنی كەرنەڤاڵ و پاڵەوانێتی وەرزشی تایبەت بە پارێزگا و هەرێم و بەشداری نێودەوڵەتی كە دەبێتە هۆی فرسەتێكی باش بۆ چڕكردنەوەی توانای قوتابیان و بەرزكردنەوەی ئاستیان جگە لەمانە بەشداری كردنیان دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی ئامانجە كۆمەڵایەتی و دەروونیەكانی پەروەردەی وەرزش لەلای قوتابیان.
وەبۆئەوەی چالاكی وەرزشی قوتابخانەكان ئامانجەكەی بپێكێت:
١- پێویستی بە دۆزینەوەی سەرچاوەی پشتگیری دارای هەیە چ لە ڕێگەی حكومەتەوە بێت یان لەلایەن كەرتی تایبەتەوە بێت بۆ داپۆشینی تێچووی بەدەستهێنانی پێداویستی وەرزشی.
٢-ئامادەكردن و سازدانی مامۆستای پەروەردەی وەرزش بۆ ئەوەی لەگەڵ كرداری پەروەردەی وەرزشی قوتابخانەكان بگونجێت.
٣-دابینكردنی یاریگا و گۆڕەپان و هۆڵی وەرزشی لە خوێندنگاكاندا.
٤-ناساندنی مامۆستایانی پەروەردەی وەرزش بە سەرجەم یاسا پێویستەكانی وەرزشە جۆراوجۆرەكان و زانستی پێگەیاندنی وەرزشی منداڵان.
٥- گرنگی و پێویستی بەشداریكردنی مامۆستایانی پەروەردەی وەرزشی لەو خولی پێگەیاندنانەی یەكێتیە وەرزشیەكان ئەنجامی دەدەن .
٦-هەماهەنگی كردن بۆ سوود وەرگرتن لە یاریگا و گۆڕەپان و هۆڵی وەرزشی یانەكەن و یەكە وەرزشیەكان بۆ چالاكیە وەرزشیەكانی خوێندكاران.
٧-ئەنجامدانی پێشبڕكێ و چالاكی وەرزشی لە سەر ئاستی قوتابخانە بۆ سەرجەم قۆناغەكان.
٨-هەماهەنگی كردن بۆ سوود وەرگرتن لە یاریگا و گۆڕەپان و هۆڵی وەرزشی یانەكەن و یەكە وەرزشیەكان .
٩-ئامادەكردنی مامۆستای پەروەردەی وەرزشی تایبەتمەند كە كارەكانی بە شێوەیەكی ڕێكوپێك ئەنجام دەدات بۆ چاودێری كردنی بەهرەمەندانی وەرزشی وە ئاڕاستەكردنیان بەشێوەیەكی تەندروست.
ئەگەر ویستمان گرنگی ئەو چالاكیە وەرزشیانە بخەینە ڕوو بە شێوەیەكی گشتی ئەبینین ئەو پاڵەوانێتی یاری و چالاكیە وەزشیانەی كە خوێندكاران بەشداری تێدا دەكەن چ لەسەر ئاستی ناوخۆ بێت یان دەرەوە ڕێگا بە خوێندكاران دەدات بۆ یەكتر بینین و دروست كردنی پەیوەنی كۆمەڵایەتی و لەگەڵ هاوپیشكانیاندا و بەرزكردنەوەی تواناكان و بەهرە وەرزشیەكانیان كە ئەمە هانی مامۆستای پەروەردەی وەرزشی دەدات كە زیاتر سوربێت لەسەر برەودان با چالاكی وەرزشی قوتابخانەكەی وە گرنگی بدات بە تیمە وەرزشیەكانی لە ناو قوتابخانەكەیدا كە ئەمە هانی دەدات بەدواداچون بكات بۆ تازەترین گۆڕانكاریەكانی یاساییەكانی یاریە جۆراوجۆرەكان وە لێرەدا ئامانجە گشتیەكانی چالاكی وەرزشی ڕوون دەبێتەوە كە خۆی لەم چەند خاڵەدا دەبینێتەوە:
- گرنگیدان بە تەندروستی جەستەیەكی ساغ.
- گەشەسەندنی توانا جەستەییەكان لەلای خوێندكاران بە پێی سروشتی تایبەتمەندیە تەمەنیەكان لەنێوانیاندا.
- فێركردن و جەختكردنەوە لە فێربوونی كارامەییە جوڵەییە جۆراوجۆرەكان كە بگونجێت لەگەڵ توانای جەستەیی لەلای مناڵان و تازە پێگەشتوان .
- گرنگیدان بە چەسپاندنی ڕۆحی وەرزشی لە كاتی ئەنجامدانی چالاكیە وەرزشیەكاندا.
- كاركردن بۆ بڵاوكردنەوەی ڕۆشنبیری وەرزشی وە وابەستەبوون بە ڕۆحی وەرزشیەوە لە لای خوێندكاران
- گرنگی دان بە پڕكردنەوەی حەز و پێویستیە وەرزشیەكانی خوێندكار لەڕێگای ئاڕاستەكردنێكی تەندروستەوە.
- بەشداری كردن لا چالاكیە وەرزشیە جۆراوجۆرەكان.
- كاركردن بۆ ئەنجامدانی چالاكی وەرزشی ناوقوتابخانە .
- ڕێكخستنی چالاكی لەنێوان قوتابخانەكەی وقوتابخانەیەكی تردا.
- دۆزینەوەی بەهرەمەندە وەرزشیەكان و كاركردن بۆ ئەوەی ڕاهێنانی زیاتریان پێبكرێت .
- بەرزكردنوەی ئاستی جەستەیی خوێندكاران لە ڕێگای ئەنجامدانی چالاكی وەرزشی جۆراوجۆر.
- كاركردن وبۆ دۆزینەوە و ئامادەكردنی گۆڕەپان و پێداویستی وەرزشی جێگرەوە بۆ ئەنجامدانی چالاكی وەرزشی.
- ڕۆشنبیركردنی خوێندكاران كە لە گرنگی چالاكی وەرزشی تێبگەن لە ڕووی تەندروستی و وە هەڵگری پەروەردەیەكی وەرزشی بەرز بن.
لە كۆتایدا هیوادارم كە لایەنە پەیوەندیدارەكان بتوانن بە شێوەیەكی ئەكادیمی ئاوڕ لەم بوارە بدەنەوە بۆ ئەوەی نەوەیەكی تەندروستمان هەبێت و وەرزش لە ووڵاتەكەماندا بگاتە ئاستێكی بەرز بۆ ئەوەی جەماوەری وەرزشی لە داهاتودا شانازی بكەن بە پاڵەوانە وەرزشیەكان و پاڵەوانێتیە وەرزشیەكان چێژ و تامی بۆ بگەڕێتەوە .