مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕۆژانە نزیكەی دە پزیشك لە توركیا و 5 پەرستار لە ئێران وڵاتەكانیان جێ دەهێڵن و بەرپرسانی تەندروستی هەر دوو وڵاتیش نیگەرانن لە كۆچكردنی بەردەوامی كارمەندانی تەندروستی بۆ دەرەوەی وڵات و هۆشداری بە حكومەتەكانیان دەدەن بۆ باشتركردنی ژیانی ئابووری كارمەندان و ڕێگریكردن لە چوونە دەرەوەیان .
لە ساڵی 2023 زیاتر لە سێ هەزار پزیشكی توركی و دوو هەزار و 500 پەرستاری ئێرانی، كۆچیان بەرەو وڵاتانی ئەورووپی كردووە.
بەپێی ئامارەكانی یەكێتیی پزیشكانی توركیا و باكووری كوردستان، لە 12 ساڵی ڕابردوو 16 هەزار پزیشك بە هۆكاری جیاواز توركیایان بەجێهێشتووە.
هەروەها بە پێی ئامارێكی ڕێكخراوی پەرستاری ئێران یش لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 10 هەزار لە باشترین پەرستارەكانی ئێران كۆچیان كردووە.
نوێنەری پزیشكەكانی توركیا هۆكاری كۆچكردنی پزیشكان، بۆ بەردەوامی هێرشی سەر كارمەندانی تەندروستی و خراپی بارودۆخی ئابووری و كەمی مووچەیان دەگەڕێننەوە .
هاوكات ڕێكخراوی پەرستاری ئێران هۆكاری بەجێهێشتنی وڵات لەلایەن پەرستارانەوە بۆ كێشەی بژێوی و نەبوونی هەلی دامەزراندن و پێشكەش نەكردنی خزمەتگوزاری و زیادبوونی مردنی نەخۆشەكان دەگەڕێنێتەوە .