مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سەرۆكی ئەركانی گشتی هێزە چەكدارەكانی ئێران ڕاگەیاند شەوی ڕابردوو هێزی هەوافەزای سوپای پاسداران بە ئۆپەراسیۆنی قارەمانانە و دلێرانە تۆڵەی زۆربەی جەنایەتەكانی ئیسرائیلی كردەوە.
محەممەد باقری سەرۆكی ئەركانی گشتی هێزە چەكدارەكانی ئێران لە تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران وردەكارییەكانی هێرشە مووشەكییەكانی وڵاتەكەی بۆ سەر ئیسرائیل ئاشكرا كرد و ڕاگەیاند “ئێمە دوو مانگی زۆر ئەستەممان تێ پەڕاند لەبەر ئەوەی كە ئەمریكا و ئەورووپا بەردەوام داوای دان بەخۆداگرتنیان لە ئێمە دەكرد، كەچی ئیسرائیل لە شەهیدكردنی فەرماندەكانی بەرخودان بەردەوام بوو تا گەیشتە سەید حەسەن نەسروڵڵا،”
باقری دەشڵێت “شەوی ڕابردوو تۆڵەی زۆربەی تاوانكارییەكانی ئیسرائیلمان كردەوە.”
سەرۆكی ئەركانی گشتی هێزە چەكدارەكانی ئێران ئەوەشی خستە ڕوو “سەرەڕای ئەو هەموو جەنایەتەی ئیسرائیل، كەچی ئێمە تەتیا بنكە سەربازییەكانمان كردە ئامانج لەوانە سی بنكەی ئاسمانی سەربازی وەكوو مۆساد، بنكەی ئاسمانی نواتین و بنكەی ئاسمانی هاتسرین كە بۆ تیرۆری سەید حەسەن نەسروڵڵا بەكار هێنرا و لەو ئۆپەراسیۆنەدا ژێرخانەی ئابووری و پیشەیی نەكرایە ئامانج و ئێمە ئامادەی هێرشی چەند ئەوەندەیی بۆ سەر ئیسرائیلین.”
ناوبراو هۆشداری بە ئەمەریكا و ئەورووپا دەدات و دەڵێ “ئەگەر ئیسرائیل سەرشێتییەكانی درێژە بدات و ئەمریكا و ئەورووپا كۆنترۆڵی نەكەن و بیەوێت هێرش بكاتە سەر ئێران ، ئۆپەراسیۆنێك چەند ئەوەندەی هێرشەكەی ئەمشەو لە دژی ئەنجام دەدەین، بۆیە هیوادارین ئەمریكا ڕاگیری بكات و ناوچەكە بەرەو ئاسایش ببات.
شەوی ڕابردوو ئێران بە مووشەكی بالیستی هێرشی كردە سەر ئیسرائیل، میدیاكانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە كردووە كە تەنیا لە ماوەی نیو كاتژمێردا زیاتر لە 400 مووشەك لە ئێرانەوە بەرەو ئیسرائیل هەڵدراون و تەقینەوە لە سەرتاسەری ئیسرائیل بیستراوە.
ڕۆژنامەی”نیویۆرك تایمز”ی ئەمریكی بڵاوی كردووەتەوە كە یەكەم مووشەكی ئێرانی بۆ گەیشتن بە “ئیسرائیل” – كەمتر لە ١٥ خولەك – بووە، ئەمەش ئاماژەیە كە مووشەكەكان بالیستیك بوون.