بەختیار سەباح-زارى کرمانجى:
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، كە سەرپەرشتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەكات، چەند رێنماییەكی بۆ رۆژنامەنووسان راگەیاند، ئەوانەی رووماڵی رۆژانی هەڵبژاردن دەكەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ى تشرینى یەکەمى ٢٠٢٤، لە گرووپی رۆژنامەنووسان لە پلاتفۆرمی واتساپ، چەند رێنماییەكی سەبارەت بە رووماڵی هەڵبژاردن لە لایەن رۆژنامەنووسانەوە بڵاوکردەوە.
لە رێنماییەكاندا هاتووە، ”ئەو رۆژنامەنووسانەی كە متمانەو رێگەپێدانیان پێدەدرێت بۆ رووماڵكردن، ئازادییان پێدەدرێت، بەڵام لە ناو بنكەو وێستگەكانی دەنگدان بۆیان نییە هیچ ئامێرێكی تۆماركردن لەگەڵ خۆیان هەڵبگرن وەک (كامێرا، ئامێرەكانی تۆماركردن).
هەروەها دەبێت مۆبایلەكانیان بكوژێننەوە، جگە لەو بنكانە نەبێت، كە پێشتر كۆمیسیۆن دیارییان دەكات.
دروستكردنی هەر ئاژاوەیەك، كە سەربكێشێت بۆ پشێوی لە پرۆسەی دەنگدان لەناو بنكەو وێستگەكانی دەنگدان، قەدەغەیە.
هەروەها ئەوەش باسکراوە، رۆژنامەنووسان بۆیان نییە هیچ چاوپێكەوتنێك لە ناو بنكەو وێستگەكانی دەنگدان ئەنجام بدەن، جگە لەو بنكانە نەبێت، كە رێگەیان پێدراوە.
لە خاڵێكی دیكەدا هاتووە، رۆژنامەنووسان بۆیان نییە بچنە ناو كابینەی دەنگدان، یان وێنەگرتنی ئەوەی لەناو كابینەكەدا دەگوزەرێت.
”رێكخەری بنكەی دەنگدان و بەڕێوەبەری وێستگەی دەنگدان، مافی ئەوەیان هەیە داوا لە نوێنەرانی دەزگاكانی راگەیاندن بكەن، كە بنكەكە یان وێستگەكە جێبهێڵن، ئەگەر رێساكانی تایبەت بە نوێنەرانی راگەیاندن پێشێل بكەن”، ئەمەش یەكێكی دیكەیە لە رێنماییەکانى كۆمیسیۆن.
بڕیارە 20ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت، دوو رۆژ پێش ئەوەش دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت.