بەختیار سەباح-زارى کرمانجى:
دواى بەدواداچوون و سەردانى مەیدانى تیمێكی بەشی پاراستنی ڕووەك لە بەڕێوەبەرایەتی تۆژینەوەی كشتوكاڵی هەولێر بە هەماهەنگى بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی چۆمان، هۆکارى نەخۆشییەکانى دار گوێزەکانى باڵەکایەتى ئاشکرابوو، کە بۆتە هۆى کەمبوونەوەى بەرهەمى گوێزى ناوچەکە.
بەڕێوەبەرایەتى گشتیى کشتوکاڵى سۆران بڵاویکردووەتەوە، تیمێكی بەشی پاراستنی ڕووەك لە بەڕێوەبەرایەتی تۆژینەوەی كشتوكاڵی هەولێر، سەردانى گوندەكانی (ڕەژدوور، وەڵزە، ڕایەت، ناحیەی گەڵاڵە) یان کرد لە ناوچەی باڵەكایەتی، بە مەبەستی پشكنینی باغەكانی داری گوێز، بەهۆی تووشبوونیان بە نەخۆشییەكی دەگمەن، ئەمەش پاش بارینی بارانێكی زۆری ئەمساڵ هاتووەو بۆتە هۆى لاوازبوونی دارەكان لە م ناوچەیە و دەركەوتنی نیشانەكانی نەخۆشییەكە لەسەر گەڵای دارو بەرهەمی گوێزەكان”.
ئاماژەى بەوەشکردووە، چەند نموونەیەکى گەڵاكان و بەرەكەمان هێنایەوە بۆ تاقیگەی نەخۆشییەكانی ڕووەك لە بەڕێوەبەرایەت کشتوکاڵى سۆران، لە پشکنینەکە دەرکەوت هۆكاری نەخۆشییەكە دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی چەندەها جۆری كەڕوو بەپێی شوێنی باغەكە و جۆری خاكەكە”
ئەوەشى روونکردووەتەوە، بەپێى پشکنین و تویژینەوەکە، ئەو جۆرە نەخۆشییانە دەبنە هۆى زیانگەیاندن بە دارى گوێزو کەمبوونەوەى بەرهەمەکەى لەوانە :
-سەرەكی ترینیان نەخۆشی ڕەشە پەڵەی گەڵا ( ئەنتراكنۆس ).
– سۆتەكەی تەڵتەرناری.
– گەنی بوونی ڕەگی دارەكان بەهۆی كەڕوی فایتۆفسۆرا.
– بوونی نەخۆشی وشكبوونی سەرەو خوار.
– لك وشكبوون لاڕەشە.
هەروەها لە سەردانە مەیدانییەکەدا هەندێ مێرووو پند لەسەر دارەكان بەدیكراوە لەوانە، نەخشینە سن (بق المطرز) و پندی گەڵا
لەبارەى چارەسەکردنى ئەو نەخۆشییانە، بە ڕێگەیەکى زانستى، توێژینەوەى کشتوکاڵى هەوڵیر، چەندین ڕێگەى زانستى بۆ جووتیارەکان باسکردووە، بۆ چارەسەرکردنى نەخۆشییەکە وەک:
– هەڵپاچینی (كەزاخستنی) لقە تووشبووەكان و پاككردنەوەی كەرەستەكان پاش هەر هەڵپاچپنێك.
– ڕێكخستنی ئاودان بەپێی جۆری خاكەكەو بەپێی پێویست و بەپێی جۆری ئاودان (دڵۆپاندن، یان جۆگەی ئاودێری).
– ڕشاندنی دار گوێزەكان بە دژە كەڕووی كبرۆساتی نحاس 250 غرام \100لتر ئاو، پێرڤیكیور previcur كە پێكهاتەكەی فۆستیل ئەلەمنێۆمە، دژە كەڕوویەك بە ماددەی ازۆكسترۆبینی تێدابێ
– بەكارهێنانی پەینی مس (نحاسی)، زینك، مەنگەنیز، بۆرۆن، پۆتاسیۆم، كالسیۆم.
– سواخدانی قەدی دارەكان بە گیراوەی بۆردۆ به بەرزایی 1.5 تاکو 2 مەتر. – قەڵاچۆكردنی قەدە سمەی دارەكان.