مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سوپای ئیسرائیل، لە 361 هەمین ڕۆژی جەنگی غەززە، ئۆپەراسیۆنێكی زەمینی بە پشتیوانیی هێزی ئاسمانی و تۆپخانەكانیان لە ناو خاكی لوبنان دەستپێكرد و گوتەبێژی سەربازی ئیسرائیل ڕاگەیاند كە ئۆپەراسیۆنەكە ژێرخانی حیزبوڵڵای لە نزیك سنوورەكان كردووەتە ئامانج.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی تشرینی یەكەم، سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێكی زەمینی بە بەكارهێنانی بۆمبی فسفۆری لە باشووری لوبنان دەستپێكردوو بەرپرسانی سەربازی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەكەن كە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەكە دوورخستنەوە و لابردنی هەڕەشەكانی ڕاستەوخۆی حیزبوڵڵا و چۆڵكردنی ناوچەكانی باشووری لوبنان و دروستكردنی ناوچەیەكی سەربازی داخراوە لە باكووری ئیسرائیل.
دوای كوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، نەعیم قاسم، جێگری سكرتێری گشتی حیزبوڵڵا لە یەكەم دەركەوتنی دا ڕای گەیاندبوو “شەڕەكە درێژە و بژاردەكانیش كراوەن، هەروەها ئەگەر سوپای ئیسرائیل لە ڕێگەی زەمینییەوە بێتە ناو خاكی لوبنان ڕووبەڕووی هەر ئەگەرێك دەبێتەوە.”
بەرپرسێكی سەربازی ئیسرائیلی بۆ كەناڵی (سی ئێن ئێن) ی ئەمەریكی وردەكاری ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە لوبنان ئاشكرا دەكات و ڕاگەیاند كە ئەو ئۆپەراسیۆنە زەمینییەی هێزەكانیان لە باشووری لوبنان ئەنجامی دەدەن لە ڕووی پانتایییەوە سنووردارە و جەختی لەوەش كردەوە كە هیچ “داگیركەرییەكی درێژخایەن” لە سەر خاكەكە جێ بە جێ ناكرێت و بەڵام ئەم بەرپرسە سەربازییەی ئیسرائیل ڕەتی كردەوە ماوەی ئۆپەراسیۆنەكە كە تا چەند بەردەوام دەبێت، یان هێزەكانییان بە قووڵی چەند دەچنە ناو خاكی لوبنان ئاشكرا بكات .
هاوكات كەناڵی (جەزیرە) چەند خولەكێك بەر لە ئێستا بڵاوی كردەوە كە تۆپخانەكانی ئیسرائیل ناوچەكانی (كفركلا، ئەلعەدیسە، خیام و ئەلوەزانی) یان لە باشووری لوبنان كردووەتە ئامانج.
لە لایەكی ترەوە ئاژانسی هەواڵی لوبنانی ڕایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردوومانێكی ئیسرائیلی بۆ سەر ماڵێك لە شارۆچكەی (دەوادیە) 10 كەس كوژراون و 5 كەسی دیكەش برینداربوون كە هەموویان لە یەك خێزانن و لە نێو قوربانیان منداڵیش هەن.
بەر لە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكە، یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداری دابوو كە بە كوشتنی نەسروڵڵا جەنگ تەواو نەبووە و پێویستە بە یەكجاری ژێرخانی حیزبوڵڵا كۆتایی پێ بهێنرێت .