محەممەد مەحموود- سۆران :
چەند ساڵێکە ژمارەیەک یەکەی نیشتەجێبوون لە گوندی بادلیان لە سنووری ناحیەی دیانا ، دروستکرابوون و تەواو نەکرابوون، دیاریش نەبوو ئەو یەکانە بەسەر کێ دابەشدەکرێن ، لە ئێستادا بەشی زۆری کارەکانی نۆژەنکردنەوەیان تەواو بووەو لە دوو هەفتەی داهاتوو ئامادە دەبن.
هەژار حەكیم بەڕێوەبەری ڕاگەیاند و پەیوەندییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” نۆژەنكردنەوەی یەكە نیشتەجێ بووەكان دەستی پێكراوە و لیژنەیەك بەمەبەستی دابەشكردنی پێكهێنراوە، بڕیارە لە داهاتوودا دەست بە دابەش كردنی بكرێت”.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاند و پەیوەندییەكانی ئیدارەی سۆران، دەڵێت” بڕیاری كۆتایی لە بارەی دابەش كردنی ئەو یەكانە دەرچووە و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بڕیاریداوە بەسەر كەس و كاری شەهیدان دابەش بكرێت و یەكلای كراوەتەوە .
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هەزاران شەهید و قوربانی بۆ شۆڕشەكانی كوردستان داوە، تەنها لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی داعش 130 پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان شەهید بوونە و نزیكەی هەزار كەسیش بریندار بوونە.
بە پێی بەدواداچوونی زاری کرمانجی کاری نۆژەنکردنەوەی یەکە نیشتەجێبووەکانی بادلیان لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی کاری نۆژەنکردنەوەو رێکخستنەوەیان بۆ دەکرێت، بەشی زۆری وردەکاری کارەکان تەواو کراون و لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوو بەتەواوی کارکردن لەو پڕۆژەیە بە کۆتادێت.
ئەو پڕۆژەیە پێک دێت لە ١٢ باڵەخانەی نیشتەجێبوون و ١٤٤ یەکە.