مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕۆژنامەیەكی ئیسرائیلی وردەكاری نوێ سەبارەت بە كوشتنی حەسەن نەسروڵڵا بڵاو دەكاتەوە و دەڵێت كەسێك لە كاتی تەوقەكردن جۆرە ماددەیەكی شلی بە دەستی ئەمینداری حیزبوڵڵا نووساندووە و دوای ئەوە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلی تەنیا دوو خولەكی پێویست بووە بۆ ئاشكراكردن و بۆردوومانكردنی شوێنی نەسروڵڵا .
ڕۆژنامەی (معاریف) ی ئیسرائیلی بڵاوی كردەوە “كەسێكی نەناسراو چاوی بە نەسروڵڵا كەوتووە و تەوقەی لەگەڵ كردووە و جۆرە ماددەیەكی شلی بە سەر دەستەكانی جێ هێشتووە كە یارمەتی ئیسرائیلی داوە شوێنپێی نەسروڵڵا هەڵبگرێت.”
ڕۆژنامەكە ئاشكراشی دەكات فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل دوای دوو خولەك 80 تۆن ماددەی تەقەمەنییان بەسەر شوێنی مانەوەی ئەمینداری حیزبوڵڵا تەقاندووە .
لە لایەكی تریشەوە زانیارییە سەربازییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە هێرشەكە لەلایەن فڕۆكەكانی ئێف-٣٥ بە بەكارهێنانی نزیكەی ١٠ بۆمبی بنكەر-باستەری ئێم كەی ٨٤ ئەنجامدراوە، كە هەریەكیان كێشیان 2000 پاوەند بووە و توانای چوونە ناو قەڵاكانیان هەیە لە قووڵایی ٥٠ بۆ ٧٠ مەتر لە ژێر زەویدا، ئەمە جگە لەوەی بۆمبەكان جۆرە لەرزینێكی تەزووی مێشك capable of دروست دەكات كە وا لە مرۆڤ دەكات ئەگەر لە ژێر زەمینیشدا بێت بكوژێت.
كەناڵی (13) ی ئیسرائیلی لە هەواڵێكدا باس لە هۆكاری مردنی حەسەن نەسروڵڵا دەكات و دەڵێ “ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنانی، لە ژێر زەمینی باڵەخانەكە بە هۆی داڕووخانی ژێر زەوییەكە بەسەریدا خنكاوە.”