عێراق و ئێران ڕێک کەوتن لەسەر هەڵگرتنی ڤیزا لە نێوانیان و بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێرانیش دەڵێ، حەفتەی داھاتوو بڕیارەکە دەچێتە واری جێبەجێکردن و کارئاسانییەکی زۆرە بۆ ھاووڵاتییان.
عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندیی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران، ڕاگەیاند: ”وڵاتی ئێران بڕیاری داوە ھاتوچۆی ھاووڵاتییان لە نێوان عێراق و ئێران بەبێ ڤیزا بێت و ئەمڕۆ پەیوەندیم بە سەرکەۆنسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ھەرێمی کوردستان کرد و ناوبراو دووپاتی کردەوە کە بەپێی ڕێککەوتنی نێوان ھەردوو وڵاتی عێراق و ئێران ڤیزا هەڵدەگیرێت لە نێوان ھەردوو وڵات و سەرەتای مانگی داھاتوو کە بۆ سەری مانگی ئێران پێنج ڕۆژی ماوە بڕیارەکە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.”
بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندیی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران گوتیشی: “حەفتەی داھاتوو ھاووڵاتییانی عێراقی و ھەرێمی کوردستان دەتوانن بەبێ وەرگرتنی ڤیزا سەردانی ئێران بکەن و لە ھەموو دەروازە سنوورییەکان ڕێککەوتنەکە دەچێتە واری جێبەجێکردن، بەر لە چەند مانگێک ڤیزا لە ڕێگەی ئاسمانییەوە هەڵگیرابوو.”
عەبدوڵڵا ئاکرەیی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “هەڵگرتنی ڤیزا کارئاسانییە بۆ ھاووڵاتییان و ئەو ھاووڵاتییانەی بەنیازی گەشتن بۆ کۆماری ئیسلامی سەردانی کونسوڵخانەی ئەو وڵاتانە ناکەن و تەنیا لە ڕێگەی پاسپۆرتەوە لە دەروازە سنوورییەکان بۆ ماوەی مانگێک دەرفەتیان پێ دەدرێت لە ئێران بمێننەوە، ئەوەیش کارئاسانییەکی باشە بۆ ھاووڵاتییان، ئێمەش لای خۆمانەوە بڕیارەکە جێبەجێ دەکەین و بەبێ ڤیزا ھاووڵاتییانی ئێران دەتوانن سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن.”