”بانگەشەى هەڵبژاردن بە شێوەیەکى ئاسایى بەڕێوەدەچێت”
زارى کرمانجى-ڕواندز:
لە بنکەى کۆمیسیۆنى ڕواندز، نزیکەى ٤٥٠ کارتى دەنگدان تا ئێستا لەلایەن هاووڵاتییان وەرنەگیراونەتەوە.
وەلید محەممەد، بەرپرسى بنکەى کۆمیسیۆنى ڕواندز بە زارى کرمانجى ڕاگەیاند: ” تا ئێستە نزیکەى ٤٥٠ کارتى دەنگدان لەلاى ئێمە ماوەتەوە، هاووڵاتییان وەریان نەگرتووەتەوە،هەرچەندە لە ڕێگەى موختارو ناسیاوەکانیان ئاگادارکراونەتەوە، رۆژانەش هەندێک لەو هاووڵاتییانە دێن وەریدەگرنەوە”.
گووتیشى:” بەشێکى زۆرى ئەو هاووڵاتییانەن کە کێشەى پەنجەمۆریان هەبووەو نەیانزانیوە دووبارە کارتى دەنگدانیان بۆ دروستکراوەتەوە، کارتێکى دەنگدانی کۆنیان لایە، بەشێکى دیکەیان ئەوانەن کە لە سلکى سەربازى بوونەو دەنگیان لە مەدەنى بووە، بەڵام ئێستە چوونەتەوە سەر سەربازى و پێى ئاگادار نین”.
لەبارەى پێشێلکارییەکانى بانگەشەى هەڵبژاردن لە سنوورى ڕواندز بەرپرسى کۆمیسیۆنى ڕواندز روونیکردەوە، ”تا ئێستە هیچ سکاڵایەک لەلایەن هیچ لایەنێک لەسەر شێوازى بانگەشەى هەڵبژاردن تۆمار نەکراوەو بە شێوەیەکى ئاسایى بەڕێوەدەچێت”.
































































