زاری كرمانجی-سۆران:
وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایدەگەیەنێت، کە بۆ ساڵی خوێندنی 2025 دامەزراوەی (The Academic of Korean Studies) زەمالەی خوێندنی (ماستەر و دکتۆرا) لە وڵاتی کۆریای باشوور پێشکەشی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکات.
یەکشەممە 29ـی ئەیلوولی 2024 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا زەمالەی خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) لە وڵاتی کۆریای باشوور بۆ ساڵی خوێندنی 2025ـی ڕاگەیاند، کە زەمالەکە لەلایەن دامەزراوەی (The Academic of Korean Studies) پێشکەشی هەرێمی کوردستان کراوە، یەکێ لە مەرجەکانی پێشکەشکردن دەبێت کەسەکە خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت.
هەرکەسێک ئەم مەرجانەی خوارەوەی تێدایە و ئارەزووی خوێندنی لە وڵاتی کۆریای باشوور هەیە بە لەبەر چاوگرتنی تێبینییەکان دەتوانێت داواکاری لە ڕێگەی ئەم لینکەوە پێشکەش بە سەرچاوەی زەمالەکە بکات، هەروەها وەزارەت تەنیا کار لە سەر هەردوو بەرنامەی ماستەر و دکتۆرا دەکات.
مەرج و داواکارییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بۆ هەردوو بەرنامەی ماستەر و دکتۆرا:
- پێشکەشکار دەبێت هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.
- پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لەدامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، دەبێت بەلایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە. بەڵام بۆ دەرچووانی بەرنامەی تواناسازی دەبێت بە لایەنی کەم (5) ساڵ خزمەتی هەبێت.
- پێشکەشکار دەبێت کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە (65%)کەمتر نەبێت بۆ خوێندنی بەرنامەی ماستەر و (70%) کەمتر نەبێت بۆ خوێندنی بەرنامەی دکتۆرا.
- ئاستی توانستی زمانی داواکراو لە بەرنامەیەک بۆ بەرنامەیەک جیاوازە، بۆیە بەر لە پێشکەشکردن، تکایە تەواوی وردەکاریەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە کە داواکاری بۆ پێشکەش دەکەن.
- داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات. (واتا بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت) بۆ دکتۆرا دەبێت (ماستەر و دکتۆراکەی لە هەمان بوار بێت).
- کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنیا مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت واتا بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵەی جێگیرەکان.
- پێشکەشکردن راستەوخۆ، تەنها لە ڕێگەی ماڵپەڕی سەرەکی زەمالەکە دەبێت.