زاری كرمانجی:
ئەمڕۆ سێشەممە 18ی10ی2022، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ کونسوڵ و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
سەرۆکی حکوومەت تیشکی خستە سەر بارودۆخی گشتیی و پرۆسەی سیاسیی و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ لە عێراق و دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، پشتیوانیی لە پێکهێنانی حکوومەتێکی خزمەتگوزار دەکات کە بەبێ جیاوازی خزمەتی گشت هاووڵاتییانی عێراق بکات و لە سەر بنەمای دەستووریش، کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی چارەسەر بکات. سەرۆکی حکوومەت، هەروەها جەختی لە گرنگیی ڕێزگرتن لە پرنسیپەکانی هاوبەشیی ڕاستەقینە و هاوسەنگی و سازان کردەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت باسی لە چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم و هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری، بە تایبەتی گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵی و بەبازاڕکردنی بەرووبوومی ناوخۆیی کردەوە کە بڕیارە لەم ڕۆژانەدا، بەربوومی ناوخۆیی بنێردرێتە بازاڕەکانی دەرەوە.
سەرۆکی حکوومەت، ئاماژەی بە چاکسازییەکانی بواری دارایی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی بەهەدەردانی سامانی گشتیی کرد. هەروەها باسی لە پرۆسەی بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و هەنگاونان بەرەو حکوومەتی ئەلیکترۆنی کرد لە پێناو برەودان بە ڕوونی و شەفافیەت و نەهێشتنی ڕووتین و بیرۆکراسی.
سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە ئامانجی سەرەکیمان بەرەوپێشبردن و گەشەپێدانی هەمەلایەنەی هەرێمی کوردستانە، ئەمەش پەیوەستە بە گرنگیی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، جەختیشی لەوە کردەوە، کە هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە فاکتەرێکی گرنگی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا .
لە کۆتاییدا، سەرۆکی حکوومەت وەڵامی تێبینی و سەرنج و پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە